حوزه‌یران 26, 2019 20:58 Asia/Tehran
  • نیگەرانی دەربڕینی سەرۆک کۆماری عێراق لە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا

سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند: نیگەرانن لە گرژیی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا سەبارەت بە تێوەگلانی عێراق و بوون بە بەشێک لەو ئاڵۆزیانە.

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی خەندان: بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق نیگەرانی دەربڕی لە گرژیی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران ، سەبارەت بە تێوەگلانی عێراق و بوون بە بەشێک لە ئاڵۆزییەکان.

ناوبراو کە لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ CNN لەبارەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران رایگەیاند:عێراق لە ماوەی چوار دەیەی رابردودا بە دۆزەخدا تێپەڕیوە و کۆتا ململانێشی لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستی داعشدا بووە.

سەرۆک کۆماری عێراق پێشی داگرت:نابێت هەوڵەکانی عێراق بۆ سەقامگیری بە کەم بنرخێنرێت، چونکە ئێمە بنیادنانەوە و بوژانەوەمان دەوێت. ناوبراو لەوەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە کشانەوەی داناڵد ترەمپی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە هێرشی سەر ئێران،جەختی کرد:دڵخۆشین بەوەی کە جەنگ و پێکدادان لە ناوچەکە دورخراوەتەوە، ئەو بەشەی جیهان بۆ ماوەیەکی زۆر بە زنجیرەیەک لە جەنگ و ململانێدا تێپەڕیوە، ئێمە جەنگێکی دیکەمان ناوێت و ئەم کێشەیە لە رێگەی سەربازیەوە چارەسەرناکرێت.

سەرۆک کۆماری عێراق ئاماژەی بەوەشکرد: پێویستە بە مەبەستی چارەسەریی کێشەکان لایەنەکان پێکەوە دابنیشن و سەبارەت بە کێشە سەرەکیەکانی ناوچەکە گفتوگۆبکەن، لە روبەروبونەوەی تێرۆر و کێشە ئابوریەکان، ئەم بەشەی جیهان پێویستی بە چارەسەریی بنچینەیی هەیە نەک جەنگێکی دیکە.

بەرھەم ساڵح لەوەڵامی ئەم پرسیارەی کە بە سەرنجدانی لێدوانەکانی ئەم دواییەی حەسەنی ڕۆحانی رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران کە کۆشکی سپیی وەک "نەخۆشێکی هزری" ناوبردووە، ئایا ئێران هەست بە ھیچ جۆرە گوشارێک ناکات؟ رایگەیاند: -بێگومان ئێران لەژێر فشار و ئازاردایە، ئەو گرژیی و ئاڵۆزیەش ئازاری تەواوی ناوچەکە دەدات نەک بە تەنها ئێران، هەموان لەژێر فشاردان  و بێ گومان ئەو رێگایە چارەسەریی کێشەکان ناکات بەڵکو پێویستە لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن تا بگەنە ئەنجام.

بەرهەم ساڵح لەبارەی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 ش  رایگەیاند: "رێکەوتنە ئەتۆمیەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکەی ئەوروپی، بە رەزامەندی لایەنەکان بووە، ئەگەر هەر تێبینیەک لەسەر ئەو رێککەوتنە ئەتۆمیە هەبێت پێویستە لە رێگەی دانوستانەوە چارەسەربکرێ، لابردن و سڕینەوەی ئەو رێککەوتنەش کێشەیەکی زۆر گەورە لە ناوچەکەدا دروست دەکات و زیانی بۆ هەموو لایەنەکان دەبێت.

سەرۆک کۆماری عێراق لەمەڕ پەرەسەندنی هەژمونیی کۆماری ئیسلامی لە عێراق لە ئەنجامی شەڕی ئەمریکا دژی ئێرانیش وتی:بە شێوەیەکی بنچینەیی لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا نیم، کارە جیاکانی و رەگەزپەرستی و کۆمەڵکوژییەکانی سەدام حسێن بووە هۆی پەرە سەندنی هەژمونیی وڵاتان لە عێراق، جەنگی هەشت ساڵەی ئێران-عێراق تا ئێستاش کاریگەری ماوە و نابێت بە کەم سەیری کاریگەریەکانی ئەو جەنگە بکەین، ئێران و عێراق هاوسێی یەکدین و هەزار و 400 کیلۆمەتر سنور لەنێوانیاندایە، خەڵک باس لە کاریگەریەکانی ئێران دەکات لەسەر عێراق، بەڵام عێراقیش بە هەمانشێوە کاریگەری لەسەر ئێران هەیە.

ناوبراو لە بارەی جێ و شوێنی حەشدی شەعبی لە عێراقیش دا رونی کردەوە کە: حکومەتی عێراق خاوەنی سیاسەتێکە کە لە لایەن پارتە سیاسیە سەرەکیەکانەوە بەڕێوەدەبرێت،دیارە  ئەوە هێزە چەکدارەکانی حەشدی شەعبیش دەگرێتەوە کە راستەوخۆ لە لایەن سەرۆک وەزیرانەوە بەڕێوەدەبڕێت، بەپێی ریکارەکان هەر هێرشێک بۆ سەر ئەو هێزانە هاوتایە لەگەڵ هێرشکردنە سەر عێراق و حکومەتەکەی، سەبارەت بەو روداوانەی لەمدواییانەدا لە عێراق رویدا، سەرجەم کیانە سیاسیەکانی عێراق بە حەشدی شەعبیشەوە، ئیدانەی ئەو کارانەیان کرد، عێراق نایەوێت بچێتە ناو ئەو مملانێکانەوە.

سەرۆک کۆماری عێراق لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کە هێزەکانی ئەمریکا تا کەی لە عێراق دەمێننەوە؟ ڕایگەیاند: تا ئەو کاتەی حکومەتی عێراق بە پێویستی بزانێت، مەترسی داعش راستە شکستی پێهێنراوە، بەڵام نابێت پاشماوەکانیان بە مەترسی دانەنێین، پێشتر لە عێراق بە درێژایی ساڵانی رابردو روبەروی چەندین کاری تێرۆریستی بوینەتەوە، ئەلقاعیدە هەبو داعش-یش شکستی پێهێنرا، بەڵام نامانەوی لە داهاتودا روبەڕوی نەوەکانی داعش ببینەوە".

ناوبراو لە بارەی ئاستی پەیوەندییەکانی دوو وڵاتی ئێران و عێراقیشەوە وتی: ئێمە لەگەڵ ئێران هاوسێی یەکدین و پەیوەندیی ئابوری لە ئێستادا ئێران وعێراقی پێکەوە گرێ داوە، دیارە پشتبەستن بە خۆ لە ماوەی ئەم چەند مانگەی سەرۆکایەتی و حکومڕانیدا مسۆگەر نابێت، چونکە عێراق ماندووی جەنگ و ململانێکانە و ئابورییەکەی بە راستی شێواوە، ئێمە بە سەختی هەوڵ دەدەین پشت بە خۆمان ببەستین، لەوبارەیەوە دەستپێک هەیە، بەڵام ئەگەر بمانەوێت بە تەواوی ئێران و عێراق لە یەکدی داببڕین ئەوە لە کردەوەدا سەر ناگرێ و ئەو پەیوەندی و بەرژەوەندیە گرینگە کۆمەڵایەتی و ئایینی و ئابورییەی کە ئەو دوو وڵاتە پێکەوە دەبەستێتەوە بە ئاسانی ناپچڕێت.

 

سەرپەیڤ