ته‌مووز 25, 2019 19:35 Asia/Tehran
  • پاڵپشتی ڕاگەیاندنی سائیرون بۆ دانوستانەکانی نێوان ھەولێرو بەغدا

پەرلەمانتارێکی سەربە باڵی سائیروون لە پەرلەمانی عێراق، ھاتوچۆی شاندەکانی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ناوەندیی بەغدا بۆ لای یەکتر بە گرنگ و پڕبایەخ وەسف دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە ماڵپەڕی وشە، پەرلەمانتارێکی لیستی سائیروون لە پەرلەمانی عێراق، چوونی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداو ئینجا ڕۆییشتنی شاندی دەوڵەتی ناوەندیی بەغدا بۆهەولێریش بە گرنگ و پڕبایەخ وەسف دەکات و ڕایگەیاندووە: ئاوا ھاتوچۆیەک ئاسۆی چارەسەری کێشەکانی لێ بەدی دەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٥ی تەمووز، سەباح حەسەن پەرلەمانتاری لیستی سائیروون لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ جەختی لەوە کردووەتەوە کە، سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا پاش رۆژێک لە وەرگرتنی متمانەی پەرلەمانی کوردستان لەلایەک، لەلایەکی تریشەوە پاش حەوتەیەک سەردانی شاندی حکوومەتی عێراقی بۆ هەولێر، ئاسۆی چارەسەریی کێشەکانی لێ بەدی دەکرێت و ئەمەش دەربڕی جۆرێک سوور بوون و ھەڵگرتنی هەنگاوی خیرایە لە ئاراستەی چارەسەر کردنی کێشەکان.

ئەم ئەندام پەرلەمانەی سەر بە باڵی سائیرون ئەوەشی روون کردووەتەوە کە، ئەوەی جێگەی ئومێدە، ئەمەیە کە دەبینین هەردووک لا بە وەڵامدانەوەی سەردانی یەکتر و قسەکردن لەسەر چارەسەریی گرفتەکان بەپێی دەستوور پێداگرن.

سەباح حەسەن ئاشکراشی کردووە، لیستی سائیرون لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پشتیوانیی خۆی لەو دانوستانانەی نێوان هەولێر و بەغدا دەر دەبڕێت بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان.

ئەو لێدوانەی پەرلەمانتارەکەی سائیرون لە کاتێکدایەکە پاش حەوتەیەک لە سەردانی مەسروور بارزانی سەرۆکی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، شەوی رابردوو شاندێکی حکوومەتی عێراق بەسەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن وەزیری دارایی و جێگری سەرۆک وەزیران، سامر غەزبان وەزیری نەوت و جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە، فالح فەیاز راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و ئەبو جیهاد ئەلهاشمی بەڕێوبەری نووسینگەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتنە هەولێرو ئەمڕۆ لەگەڵ شاندێکی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی کۆ بوونەوە.

سەرپەیڤ