ئاب 21, 2019 09:14 Asia/Tehran
  • درێژەی تەقینەوەی جێی گومان لە جبەخانەکانی حەشدی شەعبیی عێراق

میدیا عێراقییەکان دوێشەو(چوارشەممە) ڕایانگەیاند، تەقینەوەو ئاگرکەوتنەوە لە جبەخانەی هێزەکانی حەشدی شەعبیی عێراق هەڵکەوتوو لە پێگەی ئاسمانیی "بەلەد" لە پارێزگای سەلاحەدین لەباکوری ئەو وڵاتە ڕووی دا.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، هۆی ڕوودانی ئەو تەقینەوە جارێ نادیارە.

ژمارێک میدیای عێراقی هەواڵی پەلاماری فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و ژمارێکیش هەواڵی پەلاماری مووشەکی بۆسەر ئەو پێگەیان ڕاگەیاند بەڵام ئەو هەواڵانە جارێ لەلایەن بەرپرسانی فەرمییەوە پشت ڕاست نەکراونەتەوە.

ئەوە دووهەم تەقینەوەی گەورە لە جبەخانەکانی حەشدی شەعبیە لە ماوەی یەک حەوتەی ڕابردوودا.

پێنج شەممە١٢ی ئاگۆستیش تەقینەوەیەکی بەگومان لە هەمارێکی تەقەمەنی حەشدی شەعبی عێراق لە گردووپەڕی باشوری بەغدای پایتەختی ئەو وڵاتە ڕووی دابوو.

وەزیری بەرگریی عێراق دوێشەو(سێ شەممە) پاش ڕوودانی تەقینەوەو ئاگرکەوتنەوە لە پێگەی ئاسمانیی بەلەد، گەیشتە ئەو پێگەیە.

"نەجاح شمری" لەڕەوتی سەردانی کردنی ئەو پێگەدا پێی داگرت؛ ڕووداوی پێگەی ئاسمانیی بەلەد پێویستی بە لێکۆڵینەوەی قووڵ هەیە.

حەشدی شەعبی لە ساڵی٢٠١٤دا پاش ئەوەی گرووپی ترۆریستیی داعش ژمارێک ناوچەو شاری عێراقی داگیرکرد، لەسەر فەتوای "ئایەتوڵڵا سیستانی" مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق پێکهات و لەساڵی٢٠١٦دا بەڕەزامەندیی پەرلەمانی ئەو وڵاتە کەوتە ژێرچاودێری و سەرکردایەتی گشت هێزە چەکدارەکانی عێراق.