وشداری توندی حیزبوڵڵای ئێراق بە ئەمریکا
گوردانەکانی حیزبوڵڵای ئێراق شەوی ڕابردوو لە کاردانەوە بە تەقینەوەکەی ئەمدواییەی بنکەی ئاسمانیی "بەلەد"ی ئەم وڵاتە ڕایگەیاند هەموو بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە لە مەترسیی پێکران لە لایەن مووشەکەکانی ئەم گرووپەدان.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ گوردانەکانی حیزبوڵڵای ئێراق لە بەیاننامەیەکدا ئەمریکای بە بەرپرسی ئەو ڕووداو و تەقینەوانەی نێو ئێراق زانی و راشکاوانە ڕایگەیاند؛ بۆ دوایین جار وشدار بە دوژمنی ئەمریکایی دەدەین هەرچەشنە پەلامارێکی نوێ بۆ سەر بنکە و مەتەرێزەکانی هێزەکانی خۆراگری، وەڵامێکی گورچکبڕ و توندی بە دواوە دەبێ.
مێدیا ئێراقییەکان شەوی چوارشەممە باسی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە لە هەممارێکی چەک و کەرەستەی جەنگیی هێزەکانی بەسیجی جەماوەری ناسراو بە حەشدی شەعبییان کرد لە بنکەی ئاسمانیی "بەلەد" لە پارێزگای سەلاحەدین هەڵکەوتوو لە باکووری ئەم وڵاتە.
ئەوە دووەم تەقینەوەی گەورە لە هەمماری چەکەمەنی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەم هەفتەیەدا دێتە ئەژمار.
ژمارێک لە مێدیاکان و تەنانەت کاربەدەستانی ئێراقی سەرچاوەی ئەو ڕووداوانەیان گەڕاندۆتەوە بۆ دەرەوەی وڵات.
دوابەدوای تەقینەوەی چەندین بنکە و هەمماری چەکەمەنیی هێزەکانی "حەشدی شەعبی" لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، " ئەبوو مەهدی موهەندیس" جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی حەشدی شەعبی" ڕۆژی چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ دەستی ئەمریکا لە پشتی پەردەی هەموو ئەو ڕووداوانەیە و بێتوو دووپات بکرێنەوە و یان هەرچەشنە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی نەناسراو لە سەر ئاسمانی بنکە و ناوەندەکانی حەشدی شەعبی ببیندرێت کاردانەوەی توندمان دەبێ.
حەشدی شەعبی کە لە هێزی جەماوەریی ئێراقی پێکهاتووە، پاش ڕووخانی شاری موسڵ لە ١٠ی ژوەنی ٢٠١٤ و زاڵ بوونی داعش بە سەر بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی ئێراق بە فەتوای ئایەتووڵڵا سیستانی ، مەرجەعی باڵای شیعەکانی ئەم وڵاتە پێکهات ، و ساڵی ٢٠١٦ بە ڕەزامەندنیی پەرلەمانی ئەم وڵاتە چوە ژێر ڕکێفی فەرماندەرێتیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێراقەوە.