ئاب 23, 2019 11:59 Asia/Tehran
  • حەشدی شەعبی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی نەناسراوی پێکا

ڕێکخراوی بەسیجی جەماوەریی ئێراق ناسراو بە "حەشدی شەعبی" شەوی ڕابردوو رایگەیاند کە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی سیخوڕیی نەناسراوی لە سەر ئاسمانی یەکێک لە بنکەکانی خۆی پێکاوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا؛ "حەشدی شەعبی" لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: ئەو فڕۆکە بێ فڕۆکەوانە لە سەر ئاسمانی بنکەی تیپی ١٢ی ئەم ڕێکخراوەیە لە دەڤەری بەغدای پێتەخت بینراوە و پێکراوە.

دوابەدوای تەقینەوەی چەندین بنکە و هەمماری چەکەمەنیی هێزەکانی "حەشدی شەعبی" لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، " ئەبوو مەهدی موهەندیس" جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی حەشدی شەعبی" ڕۆژی چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند؛ دەستی ئەمریکا لە پشتی پەردەی هەموو ئەو ڕووداوانەیە و بێتوو دووپات بکرێنەوە و یان هەرچەشنە  فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی نەناسراو لە سەر ئاسمانی بنکە و ناوەندەکانی حەشدی شەعبی ببیندرێت کاردانەوەی توندمان دەبێ.

ژمارێک لە مێدیاکان و تەنانەت کاربەدەستانی ئێراقی سەرچاوەی ئەو ڕووداوانەیان گەڕاندۆتەوە بۆ دەرەوەی وڵات.

حەشدی شەعبی کە لە هێزی جەماوەریی ئێراقی پێکهاتووە،   پاش ڕووخانی شاری موسڵ لە ١٠ی ژوەنی ٢٠١٤  و زاڵ بوونی داعش بە سەر بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی ئێراق بە فەتوای ئایەتووڵڵا سیستانی ، مەرجەعی باڵای شیعەکانی ئەم وڵاتە پێکهات ، و ساڵی ٢٠١٦ بە ڕەزامەندنیی پەرلەمانی ئەم وڵاتە چوە ژێر ڕکێفی فەرماندەرێتیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێراقەوە.

سەرپەیڤ