ئه‌یلوول 14, 2019 08:59 Asia/Tehran
  • ئەندامێکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: ھەولێر زیاتر لە سەد ملیارد دۆلار قەرزاری بەغدایە

ئەندامێکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە: ھەولێر زیاتر لە سەد ملیارد دۆلار قەرزاری بەغدایە.

بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس، عەبدولھادی سەعداوی ئەندامی لێژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕۆژی ھەینی لە وتووێژێکدا لەگەڵ بنکەی ھەواڵدەریی سومریەنیوز، وتەکانی ئەم دواییەی جوتیارعادڵ وتەبێژی دەوڵەتی ھەرێمی کوردستان لە بارەی قەرزی ٨٠ ملیارد دۆلاریی ھەرێم لە لای دەوڵەتی فیدراڵی عێراقی بە ناڕاست زانی و پێی داگرت کە ئەوە ھەولێرە وا سەدملیارد دۆلار قەرزاری بەغدایە.

عەبدولھادی سەعداوی  وتیشی: شاندەری جۆربەجۆر ئەوە دەر دەخەن کە کورتھێنانی بوجەی دەوڵەتی فیدراڵی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٠ پتر لە ٧٢ ترلیۆن دینار دەبێت و ئەم کورتھێنانەی بوجەش لە چەند ھۆکارێکەوە سەرچاوە دەگرن کە گرینگترینیان پابەند نەبوونی ھەرێمی کوردستان بە بەڵێنەکانی و ھەروەھا کردارەکەی «فۆئاد حسەین»ی وەزیری دارایی لەمەڕ دانی بەشێک لە پشکی ھەرێمە کە دیارە ئەوەش بە پێچەوانەی یاسای بوجەی ٢٠١٩ی دەوڵەتی فیدراڵە.

ئەم ئەندامەی لێژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق وتیشی: دەوڵەتی فیدراڵ بەس لە دۆسیەی نەوت دا زیاتر لە ٣٦ ملیارد دۆلاری لای ھەرێمی کوردستانە و ئەم بڕەپارەیەش ھاوپەیوەندە بە ڕەوانەکرانی نەوتی ھەرێم بۆ دەرەوە بەبێ ئاگادار کردنەوەی دەوڵەتی ناوەندییە. ناوبراو وتیشی: ئەگەر بێین و داھاتە نانەوتییەکانی ھەرێم لە سەرانەو گومرگی بوارگە سنوورییەکان و فڕگەکانیش لە داھاتی نەوتەکەی زیاد کەین ئەوا ھەرێم زیاتر لە سەد ملیلرد دۆلار قەرزاری بەغدا دەبێت.

ئەم نوێنەرەی پەرلەمانی عێراق لە درێژەی وتەکانی دا جەختیشی کرد: سەرباری ئەوەی کە ھەرێمی کوردستان پتر لە ٦٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت ڕەوانەی ھەندەران دەکات، ٢٥٠ ھەزار بەرمیل بەرھەمی نەوتیش لەنێوخۆی ھەرێم دا دابەش دەکرێت و ١٧٠ ھەزار بەرمیلیش بۆ دابین کردنی وزەی کارەبا بەکار دێت کە ئەمەش بە تێکڕایی بە واتای ھەڵێنجاندنی زیاتر لە ملوێنێک بەرمیل نەوتە لە ڕۆژێکدا لە لایەن ھەرێمەوە، کەچی لە ساڵی ٢٠١٤ ھەتاکو ئێستا تەنانەت دینارێکیش لە لایەن ھەرێمی کوردستانەوە ڕەوانەی خەزێنەی دەوڵەتی فیدراڵ نەکراوە.