عێراق بەهۆی بۆمبەکانی ئەمەریکاوە بەهەزاران ساڵی تریش ژینگەکەی پاکنابێتەوە
پرۆفیسۆر هوهجان سافابیا سفهانی شارەزای بواری زانستی ژەهراویبوونی ژینگە لەزانکۆی میشیگانی ئەمەریکا دەڵێت: بەردانەوەی چەندین تۆن بۆمب و تەقاندنی ملیۆنان فیشەک لە عێراق، بۆ هەزاران ساڵ ئەو وڵاتە بەژەهراوی دەهێڵێتەوە .
پێگەی "ساڵۆن"ی ئەمەریکی لەراپۆرتێکدا لەسەر زاری سەفهانییەوە بڵاویکردەوە، هەزاران تۆنی ماددە و کەرەستەی سەربازی گواستووەتەوە بۆ عێراق بۆ ئەوەی بۆ پرۆسەی رووخاندنی رژێمی سەددام حوسێن بەکاریبهێنێت، کە بریتی بوون لەتانک و زرێپۆش و بارهەڵگر و مووشەکهاوێژ و چەکی هێزی پیادە و چەکی دژە فرۆکە و تۆپ و تۆپی هاوەن، هەندێک لەو چەکانە بەیۆرانیۆم رووپۆشکراو بوون.
لەبەشێکی تری راپۆرتەکەدا هاتووە، ژەنگگرتن و گۆرانی پلەکانی گەرما و کەشی ناساز یارمەتی دەردانی ماددەی ژەهراوی ناو ئەو پێکهاتەی یۆرانیۆمە تیشکدەرە و قورقوشمو جیوە چەندین جۆری ماددەی ژەهراوی تریداوە بۆناو ئاو و هەوای عێراق.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، کە یۆرانیۆمی پێکهاتە ژەهراوەییەکانی تری پەیوەست بەو ماددەیە بۆ هەزاران ساڵ دەمێنێتەوە و لەڕێگای پیسکردنی خواردن و ئاو و هەواوە خەڵکی ناوچەکە ژەهراوی دەکات .
لەدرێژەیدا ئەو پرۆفیسۆرە دەڵێت: ئەو دایکانەی بەماددەکانی یۆرانیۆم و سۆریۆم ژەهراوی بوون، زیان بەو منداڵانەیان دەگەیەنن، کە هێشتا لەدایک نەبوون، تەنانەت لەشارەکانی ناسرییە و شاری ئور لەنزیک بنکەیەکی سەربازی ئەمەریکی لەناو مووی قژی ئەو منداڵە عێراقییانەی کەموکورتی زگماکیان هەبووە ماددەی سۆریۆم دۆزراوەتەوە، کە لەئەنجامی شیبوونەوەی یۆرانیۆمی بەکارهاتوو دروست دەبێت.
راپۆرتەکەی پێگە ئەمەریکییەکە هەروەها دەڵێت: یۆرانیۆم و سۆریۆم لەناو ددان و قژ و مۆخی ئێسکی منداڵانی عێراقیدا دۆزراوەتەوە، هەمووشیان تووشی کەموکورتی زگماکیی قورس هاتوون.