کانونی یه‌که‌م 12, 2019 15:35 Asia/Tehran
  • پڕۆژەیاساى هەڵبژاردن لە پەرلەمانى عێراق رووبەرووى رەخنەى توند دەبێتەوە

پڕۆژە یاساى هەڵبژاردنى نوێ رووبەرووى رەخنەى توند دەبێتەوەو پەرلەمانتارێکى عێراقیش رایدەگەیەنێت، جیاکردنەوەو هەژمارکردنى ئەلیکترۆنى لەماوەى رابردودا بازاڕێکى بۆ کڕین و فرۆشتنى دەنگ دروستکرد، بۆیە ناکرێت لەم یاسای نوێ یەشدا دوبارە ببێتەوە.

"هۆشیارعەبدوڵا" ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى گۆڕان رایدەگەیەنێت، جیاکردنەوە و هەژمارکردنى ئەلیکترۆنى لەماوەى رابردودا بازاڕێکى بۆ کڕین و فرۆشتنى دەنگ دروستکرد، بۆیە ناکرێت لەم یاسای نوێشدا دوبارە ببێتەوە. 

ئاماژەى بەوەشکردوە، زۆربەى وڵاتانى دنیا دەستبەردارى پڕۆسەى جیاکردنەوە و ژماردنى ئەلیکترۆنى هێناوە و گەڕاونەتەوە بۆ جیاکردنەوە بە دەست، ئەوەش لە پێناو گەرەنتى کردنى بێگەردیی لە هەڵبژاردنەکاندا. 

باسى لەوەشکردوە، لەماوەى رابردوى نزیکدا عێراق ئەزمونێکى تاڵی لەگەڵ هەژمارى ئەلیکترۆنى هەبوە و هەمولایەک دەزانن کێن ئەوانەى بە میکانیزمى ئەلیکترۆنى دەنگیان بۆ زیادکرا و کرانە ئەندامى پەرلەمان. 

هۆشیار عەبدوڵا جەختیکردوەتەوە، دەنگ بە پڕۆژە یاسایەک نادەن هەژمارى ئەلیکترۆنى لە خۆ بگرێت و لەحاڵەتێکیشدا ئەگەر بە کۆى دەنگ تپەڕێنرا، پێویستە لە جەماوەرى ناڕازی بە توندى ئەم میکانیزمە رەتبکەنەوە لە پێناو گەڕاندنەوەى رێز بۆ دەنگى دەنگدەران و رێگرى ساختەنەکردنى. 

لەلایەکى دیکەوە ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایدەگەیەنێت، بەشێک لە فراکسیۆنە شیعە و سوننەکان داوا دەکەن، قه‌زا و ناحیه‌کانیش وەک بازنەی هەڵبژاردن دیاری بکرێن. بەڵام کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان و شارەزایان پێی راگەیاندوون، ئەمە کارێکی ئه‌سته‌مه‌، چونکە تۆماری دەنگدەران لەسەر بنەمای پارێزگاکان دانراوە نەک شارۆچکەکان.