کانونی یه‌که‌م 12, 2019 16:12 Asia/Tehran
  • وەزیرى نەوتی عێراق : لەگەڵ هەرێمى کوردستان رێککەوتوین

وەزیرى نەوتى عێراق رایدەگەیەنێت؛ لە ساڵى داهاتوەوە هەرێمى کوردستان پابەند دەبێت بە ناردنى (250) هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە بە سۆمۆ .

 

به پیی راپورتی(سبەى):رۆژنامەى (الصباح) لێدوانێکى سامر غەزبان وەزیرى نەوتى عێراقى بڵاوکردوەتەوە و تێیدا وتویەتى: " بەرهەمى نەوتى هەرێمى کوردستان لە ئێستادا دەگاتە (450) هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا".

بە وتەى  غەزبان؛ حکومەتى ناوەند لەگەڵ هەرێمى کوردستاندا رێککەوتوە، کە هەرێم بڕى (250) هەزار بەرمیلى رۆژانە رادەستى کۆمپانیاى سۆمۆ بکات لە مانگى کانونى دوەمى ساڵى (2020)ەوە،و ئەو بڕەشى کە لێى دەمێنێتەوە کە (200) هەزار بەرمیلە بۆ قازانج و دانەوەى قەرزەکانى و کرێى کۆمپانیاکانى نەوت بەکاریدەهێنێت.

غەزبان رونیکردوەتەوە کە رێکخراوى ئۆپیک عێراق وەک یەک وڵات تەماشا دەکات و جیاوازى ناکات لە نێوان نەوتى هەرێم و بەغدا و ئەو نەوتەش وەک نەوتى عێراق تۆمار دەکات و دڵنیا دەبنەوە لە راگرتنى باڵانسى نرخى نەوت لە بازاڕەکان و رێگە بە داڕمانى نرخى نەوت دەگرن لە بازاڕەکانى جیهاندا.

لە لایەکى دیکەوە غەزبان ئاماژەى بۆ ئەوە کردوە کە بەرهەمى خاوى عێراق لە ئێستادا، دەگاتە چوار ملیۆن و (500) هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا و بڕى پلان بۆ دانراو بۆ هەناردە کرد سێ ملیۆن و (880) هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا لە نێوانیاندا ئەو (250) هەزار بەرمیل نەوتەى هەرێمى کوردستان".

ئەوە لە کاتێکدایە، لە ماوەى رابردودا شاندى هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتى ئاوات جەناب نورى، وەزیرى دارایى هەرێم لەگەڵ حکومەتى ناوەندى گەشتنە رێککەوتن، بەشێوەیەک، هەرێم رۆژانە (250) هەزار بەرمیل نەوت رادەستى کۆمپانیاى سۆمۆ دەکات، لە بەرامبەردا حکومەتى ناوەندى موچەو ئیمتیازات و شایستە داراییەکانى هەرێم دابین دەکات.