کانونی دوھەم 16, 2020 13:23 Asia/Tehran
  • قۆڵبەست کرانی سەرکردەیەکی داعش لە باکووری عێراق

میدیاکانی عێراق شەوی پێنج شەممە باسی قۆڵبەستکرانی سەرکردەیەکی تاقمی تیرۆریستیی داعشیان کرد لە شاری کەرکوکی باکووری ئەم وڵاتە.

میدیاکانی عێراق ڕایانگەیاندووە، ئەم سەرکردەیەی داعش لە ھەڵمەتێکی بۆسەنانەوەی ھێزەکانی عێراق لە باکووری ڕۆژھەڵاتی شاری کەرکوک قۆڵبەست کراوە.

سوپای عێراقیش ڕایگەیاندووە کە فڕۆکەجەنگییەکانی ئەم وڵاتە بنکەیەکی ڕاھێنانی داعشیان لە پارێزگای دیالە خاپوور کردووە.

ئەم ئوردوگایە لە زنجیرەچیای حەمرین لە پارێزگای دیالە ھەڵکەوتووەو تەواوی ئەو کەسانەشی کە تیادا بوونە لەو ھەڵمەتە ئاسمانییەدا کوژراون.

ھەرلەم کاتەدا لە ھێرشی تاقمی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر بازگەیەک لە پارێزگای سەلاحەددین دوو سەربازی عێراقی کوژران و پێنجی دیکەش بریندار بوون.

چەکدارانی تاقمی تیرۆریستیی داعش ھەروەھا لە کردارێکی تیرۆریستی دا دوو جوتیاریان لە کەرکەوک کوشت.

بڕێک لە سەرچاوەھەواڵییەکان پێشتر باسی گوێزرانەوەی چەکدارانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراقیان کرد بوو لە لایەن ئەمریکاوە.

سەرباری شکست ھێنانی تاقمی تیرۆریستی داعش لە عێراق، ھێشتاش کۆمەڵێک لە ئەندامانی ئەم تاقمە ڕەشەکوژە  بۆ قەرەبوو کردنەوەی شکستەکانیان لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی عێراق، ڕوویان لە کرداری تیرۆریستی و قەڵاچۆی خەڵکی سڤیلی شارە جۆربەجۆرەکانی ئەم وڵاتە کردووە.

تاقمی تیرۆریستی داعش لە ساڵی 2014 دا بە پشتیوانیی دراڤی و سەربازیی ئەمریکاو هاوپەیمانە ڕۆژئاوایی و عەرەبییەکانی ئەم وڵاتە، لەوانە عەرەبستان و تورکیا، وێڕای پەلاماردانی عێراق دەستی گرت بە سەر بەشگەلێکی بەربڵاوی ناوچەکانی باکوورو ڕۆژئاوای ئەم وڵاتەو دڕندەکاریی زۆری ئەنجام دا. لەو کاتەوە هەتاکوو ئێستا هێزەکانی عێراق بە یارمەتیی حەشدی شەعبی و هێزی پێشمەرگە و یارمەتییە موستەشارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران زۆرێک لە ناوچەداگیر کراوەکانیان لەوانە شاری موسڵ لە تیرۆریستانی داعش سەندووەتەوەو لە کردەوەدا کاری داعش لە عێراق دا کۆتایی پێ هاتووە.