کانونی دوھەم 22, 2020 16:05 Asia/Tehran
  • ڤیتۆکەی سەدر رێگەی لەمحەمەد عەلاوی گرت ببێتە سەرۆک وەزیران

لەم چەند ڕۆژەی دوایدا، بەغدا چاوەڕێی ئەنجامی گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەکانی بارەگای سەرۆکایەتی کۆمار بوو، بۆ گەیشتن بەڕێککەوتنێک لەسەر پەسەندکردنی ناوی ئەو پاڵێوراوەی کابینەی تازەی حکومەت پێکدێنێت.هێندەی نەمابوو ئێوارەی دوو شەممەی ڕابردوو‌ گفتوگۆکان‌ بگەنە ئەنجام، بەڵام ڤیتۆکەی ڕەوتی سەدر بووە بەربەست لە ڕێگەی پاڵاوتنی محمەد تەوفیق عەلاوی، کە لە گرنگترین پاڵێوراوانی ئەو پۆستەیە.

عەلاوی وەزیری گەیاندنی پێشوو، ئیسلامییەکی لیبڕاڵە، لە حیزبی دەعوەی ئیسلامی جیابووەتەوە و چووەتە ڕێزەکانی ئەو بزاوتە عەلمانییەی ئەیاد عەلاوی سەرۆک وەزیری پێشووتری عێراق ڕابەرایەتی دەکرد.

ئێوارەی دوو شەممەی ڕابردوو، خەریک بوو عەلاوی ڕاسپێردرێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی تازە، بەڵام دەوترێت سەرکردەکانی ڕەوتی سەدر لەدوا ساتەکاندا ئەو هەوڵەیان لەباربردووە.دزە بەو هەواڵانەش کراوە،‌ گوایە عەلاوی لە لایەن سەرکردەکانی سەدرەوە فشاری زۆری خراوەتەسەر و چەند خاڵێکیشیان بۆ دیاریکردووە، کە واژوویان لەسەر بکات و پێیانەوە پابەند بێت. 

ئەمیر کینانی سەرکردەی دیاری ڕەووتی سەدر، کە ئێستا ڕاوێژکاری یاسایی بەرهەم ساڵحی سەرۆک کۆمارە، ئەوەی ڕەتکردەوە هیچ جۆرە گفتوگۆ و دانوستانێک لەوبارەوە لەگەڵ عەلاوی کرابێت.

دیارە ئەو ڕەتکردنەوەی‌ ئەمیر کینانی بەس نەبوو تا خەڵکی باوەڕ بکەن، بۆیە خودی عەلاوی ئەو هەواڵانەی ڕەتکردنەوە، کە هیچ لایەنێک مەرجیان بۆ دیار نەکردووە.عەلاوی ئەوەشی ئاشکرا کرد، بە لایەنە سیاسییەکانی ڕاگەیاندووە، ڕەتیدەکاتەوە بە گوێرەی بەشبەشێنەی سیاسی حکومەتی تازە پێکبێنێت، کە حکومەتەکانی پێشووی لەسەر دامەزرابوون.

جگە لە ناوی عەلاوی، ناوی پاڵێوراو‌ی دیکەش دێنن بۆ گرتنە دەستی ئەو پۆستە، گرنگترینیان عەلی شوکری پاڵێوراوی هاوپەیمانی فەتحە، کە لە ئێستادا ڕاوێژکاری ئابووری سەرۆکی کۆمارەو پێشتریش وەزیری دارایی بووە، هەروەها باس لەناوی مستەفا کازمی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری عێراقیش دەکرێت بۆ گرتنەدەستی پۆستەکە‌.