شوبات 19, 2020 18:47 Asia/Tehran
  • بە نێوبژیوانی نەتەوە یەکگرتووەکان کەسوکاری چەکدارە داعشە عێراقییەکان لە سووریاوە دەگەڕێندرێنەوە

باس لە دروستکردنی کەمپێک لەنزیک شنگال بۆ کەسوکاری چەکدارانی داعش لە سووریا دەکرێت، بەرپرسی کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە کوردستانی سوریا و دەڵێت "عێراقییەکانی کەمپی هۆل و رۆژ بڕیارە بە نێوەندگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان بگەڕێندرێنەوە، کە لە ژن و منداڵی سڤیل پێکهاتوون".

شێخمووس ئەحمەد، بەرپرسی کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە رۆژئاوای کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لە کۆی 67 هەزار و 895 کەسی نێو کەمپی هۆل لە کوردستانی سوریا، تەنیا 30 هەزار و 744 کەسیان عێراقین، لە 18 هەزار و 612 خێزان پێکهاتوون، سەبارەت بە گەڕانەوەی عێراقییەکان لەگەڵ کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی پەنابەران (UNHCR) گفتوگۆمان کردووە، بڕیارە عێراقییەکانی نێو کەمپی هۆل و رۆژ بە نێوەندگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق بگەڕێندرێنەوە، بەڵام هێشتا وردەکارییەکان تەواو روون نین کە چەند کەس دەگەڕێندرێنەوە".

شێخمووس ئەحمەد گوتیشی "ئەو عێراقییانەی دەگەڕێندرێنەوە، لە ژن و منداڵ و پیاوانی بەتەمەن پێکهاتوون، کەسانی سڤیلن و بەشی زۆریان سوننە مەزهەبن، ئەوانە بەشێکیان نایانەوێ بگەڕێندرێنەوە و دەڵێن؛ دەترسن لەلایەن گرووپە شیعییەکانەوە بکوژرێن، ئێمەش ئەوە نازانین کەسوکاریان لە عێراق داعش بوون یان نا، بەڵام لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤ و یاسا کارپێکراوەکاندا ئامادە نین کەس بەزۆر بگەڕێنینەوە، دەرگاشمان بۆ هەموو وڵاتان کراوەیە کە گیراوەکانی لای ئێمە ببەنەوە، بە پێچەوانەوە داوادەکەین تێچوویان لە ئەستۆی خۆیان بگرن".