ئادار 31, 2020 17:14 Asia/Tehran
  • کودەتا سەربازییەکەی ئەمریکا لە ئێراق دەستی پێکردووە

ترس لە هەڵگەڕانەوەی‌ سەربازی یان کردەیەکی سەربازی ئەمریکی لە عێراق، ڕۆژ بە ڕۆژ لە زیادبوون دایە، بە تایبەتیش دوای داواکارییەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کارمەندەکانی، کە باڵوێزخانەی وڵاتەکەیان لە بەغدا چۆڵ بکەن و لە چەند بنکەیەکی سەربازیش بکشێنەوە و ڕادەستی ئێراقییەکان بکرێتەوە.

هەندێک ناوەند و هێز، ئەو پرسە والێکدەدەنەوە، کە دووبارە دابەشبوونەوەی هێزەکان و خۆسازدانە بۆ کردەیەکی سەربازی، کە بۆچوون و هەڵوێستی هێز و پارتە شیعییەکان لەو بارەوە جیاوازە، هەندێکیان وایان بە پێویست زانیووە لێبڕاوانە مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە بکرێت و حکومەتی عێراقیش لەو بارەوە داوای ڕوونکردنەوە لە ئەمریکییەکان بکات، هەندێکی دیکەشیان لە شیمانەی ڕوودانی کارێکی لەم جۆرە کەمدەکەنەوە، پێشیان وایە تەنیا و تەنیا کارتێکی فشاری سیاسییە و بەس.

کەریم علێوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح، باسی لەوە کردووە وەک هەنگاوێکی پێشدەستی بۆ ئەنجامدانی هێرش و گورزوەشاندن لە پێگە سەربازییە عێراقییەکان، هێزەکانی ئەمریکا لە باڵوێزخانەکەیان لە بەغدا، شوێنپێی خۆیان قایم کردووە.

علێوی پێیوایە‌ لەبەر ئەم هۆکارەی باسکرا، هێزەکانی ئەمریکا لە چەند بنکەیەکیان لە عێراق بەرەو چەند بنکەیەکی دیکەی گەوەرەتر کشاونەوە، ئەمەش بە مەبەستی پاراستنی هێز و توانستیان، جا بۆ ئەوەی بتوانن بیانپارێزن، هەموو هێزەکانیان لە چەند بنکەیەکی یەکگرتوو کۆکردوونەوە.

هەروەها حەسەن شاکر کەعبی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی بەدر پێیوایە: ئامانج لە بڵاوکردنەوەی دەنگۆی هەڵگەڕانەوەی سەربازی لە عێراق، سەپاندنی عەدنان زورفی سەرۆک وەزیری ڕاسپێردراوە.

کەعبی باسی لەوەش کردووە، کشانەوەی ئەمریکییەکان بۆ دووبارە بڵاوەپێکردنی هێزەکانییانە، لەوانەشە ڕێخۆشکەر بێت بۆ هەنگاوی دیکە، هۆشداری ئەوەشی داوە ئامانجی ئەمریکا لەو هەنگاوەی، نانەوەی پشێوی ئەمنییە لە عێراقدا.

شارەزایەکی ئەمنی عیراقیش ئاشکرایدەکات، لایەنی ئەمنی لە عیراق لە مەترسیدایە و هۆشداریش دەداتە لایەنە پەیوەندیدارەکان.

ئەمیر عەبدولمونعیم ساعیدی شارەزای ئەمنی لە عیراق ڕایگەیاند، بەهۆی نەبوونی دەسەڵاتی عیراق بەسەر ئاسمانی وڵاتەکەی، فڕۆکەکانی ئەمریکا بە ویستی خۆیان هاتوچۆ دەکەن و دەگونجێت ئەم فڕۆکانەش ئامانجی تایبەتیان هەبێت و ناوچەیەکیان کردبێتە ئامانج.

وتیشی”ئەمریکا هیچ ئاڕاستەیەکی بۆ هاتوچۆی فڕۆکەکانی لە ئاسمانی بەغدا نییە و دەگونجێت ئەم هەڵوێستانەی ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی کردەیەکی سەربازی یان بۆ بە ئامانجگرتنی گروپەکانی عیراقی ئەنجامی بدات”.

ڕوونیشیکردەوە، بوونی فڕۆکەکانی ئەمریکا دەکرێت بوترێت بۆ خۆپارێزی ئەمریکایە بەتایبەت دوای ئەوەی ئەمریکا دەیەوێت ئامێرە سەربازییەکانی بەرەو هەرێمی کوردستان و سەربازگەی عەین ئەسەد بگوازێتەوە.

لای خۆشیانەوە پسپۆڕانی عیراق ئاشکرایدەکەن، بەهۆی سەرقاڵی عیراق بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، ئەمریکا سەرقاڵی خۆڕێکخستنەوەیە بۆ ئەو مەبەستەش زۆرێک لە بنکەکانی لە شوێنی دوورتر لە گروپە شیعییەکان جێگر دەکات.