ئادار 31, 2020 17:22 Asia/Tehran
  • بەشیر حەداد: ئەو داهاتەی بەدەست عێراق دەگات بەشی موچەی فەرمانبەرانی ناکات

جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: ئێستا ئەو داهاتەی بەدەست عێراق دەگات بەشی موچەی فەرمانبەرانی ناکات پێویست بەوە دەکات قەرز بکات.

بەشیر حەداد جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت: لەئێستادا لیژنەکانی تەندروستی و دارایی لەکاردان لە بەدواداچوون دان بۆ ئەوەی بودجەیەک تەرخان بکرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و بڕە پارەیەک تەرخان بکرێت بۆ یارمەتی دانی ئەو کەسانەی، کە بژێوی ژیانیان لەسەر کاری ڕۆژانەیە، هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.

جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عیراق وتی: ئەم پەتایە جیهانییە، بۆیە بارودۆخی وڵاتانی خراپ کردووە، لەبەر ئەوەی چالاکی ئابووری وڵاتان وەستاوە، سەبارەت بە عێراق بارودۆخی ئابووری و ئەمنی تەواو نییە، ئەم بارودۆخە لەسەر عێراق کەمێک قورستر دەکەوێت بەتایبەتی پاش دابەزینی نرخی نەوت، ئێستا ئەو داهاتەی بەدەست عێراق دەگات بەشی موچەی فەرمانبەرانی ناکات و پێویست بەوە دەکات، کە قەرز بکات لە هەندێک دامودەزگا یان لە یەدەگی نەختینەیی خۆی.

جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد ئەو بڕە پارەیە ئەگەر تەرخانکرا هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە لەو ڕوەوە دەڵێت: تا ئێستا بودجەی ساڵی 2020 پەسەند نەکراوە، کە عێراق لەسەر بودجەی ساڵی 2019 دەڕوات بە میکانیزمی یەک لەسەر دوانزە بۆ وەزارەتەکان بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری خۆیان.