نیسان 03, 2020 07:52 Asia/Tehran
  • ھەڵپەسێردرانی سێ مانگەی چالاکیی ھەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە عێراق

وەزارەتی ڕاگەیاندنی عێراق شەوی ھەینی باسی ھەڵپەسێردرانی سێ مانگەی چالاکیی ھەواڵدەریی بریتانیایی ڕۆیتێرز لە عێراقی کرد لە بەر بڵاوکردنەوەی ھەواڵی ناڕاست.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی تەسنیم،وەزارەتی ڕاگەیاندنی عێراق لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند: مۆڵەتی چالاکیی ھەواڵدەریی ڕۆیتێرزی لە بەر بڵاو کردنەوەی ھەواڵی ناڕاست سەبارەت بە ڕێژەی قوربانی و توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق بۆ ماوەی سێ مانگ ھەڵپەساردووەو ٢٥ ملوێن دیناری عێراقیش جەریمە بۆ بڕیوەتەوە.

ھەواڵدەریی ڕۆیتێرز ڕۆژی پێنج شەممە لە ڕاپۆرتێکدا دەوڵەتی عێراقی بە نھێنی کاری لە بارەی ڕێژەی توشبووان و قوربانیانی نەخۆشیی کۆرۆنا تۆمەتبار کردو بانگەشەی کرد بوو کە ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو وڵاتەدا لە نێوان سێ ھەتا نۆ ھەزار کەس و قوربانییەکانیش زیاتر لە ھەزار کەسن.

ئەمە لە کاتێکدایە کە وەزارەتی تەندروستیی عێراق دوێنێ پێنج شەممە لە ڕاپۆرتێکدا ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای لەو وڵاتەدا٧٧٢ کەس و ژمارەی قوربانییەکانیشی ٥٤ کەس ڕاگەیاند.