نیسان 05, 2020 08:09 Asia/Tehran
  • نوێنەری ئێراقی: کابینەی زورفی دەنگ ناهێنێ

نوێنەری پەرلەمانی ئێراق ڕایگەیاند کابینەی عەدنان زورفی لەبەر نەیارەتی هاوپەیمانیی ئەلفەتح.، دەوڵەتی یاسا و ڕەوتی حیکمە لەگەڵ ئەو لە پەرلەماندا دەنگی پێویست بە دەست ناهێنێ.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران؛ "بورهام مەعموری" نوێنەری پەرلەمانی ئێراق ڕایگەیاند: هاوپەیمانی فەتح، دەوڵەتی یاسا و ڕەوتی حیکمە لە گرووپە دەسڕۆیشتووەکانی نێو پەرلەمانی ئێراقن، ئێستایش هەر نەیاری بە سەرۆک وەزیران بوونی "عەدنان زورفی"ـین و لەبەر نەیارەتی ئەوان لەگەڵ زورفی ئەگەری زۆرە کە کابینەکەی لە پەرلەماندا نەتوانێ دەنگی پێویست بە دەست بێنێ.

ئەو نوێنەرە ئێراقییە وتی: هێشتا هیچ یەکدەنگییەک نییە لە سەر هیچکام لەو ناوانەی کە وەکوو جێگرەوەی زورفی لە ئاردا بوون  و بێتوو زورفی بکێشێتە دواوە، ناوی بەربژاری نوێ لە لایەن گرووپە شێعەکانەوە ڕادەگەیەندرێ، بەڵام ئێستاکە زورفی بەتەمای وازهێنان نییە و خەریکی ڕاپەڕاندنی کاروباری هاوپێوەند بە پێکهێنانی دەوڵەتە.

پێشتریش فراکسیۆنی بەدری پەرلەمانی ئێراق دیسان دەس نیشان کرانی عەدنان زورفی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی دابوویە بەر ڕەخنەوە.

ژمارێک لە گرووپە شیعەکان لەسەر ئەو بڕوایەن کە زورفی کەسایەتییەکی سەربەخۆی نییە و بەسراوەیە بە دەورگێڕانی بیانی و بەتایبەت ئەمریکا.