نیسان 06, 2020 15:46 Asia/Tehran
  • کاندیدێکی نوێ بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ حکومەتی عێراق ئاشکرا دەکرێت

پێنج کوتلەی شیعە لە عێراق کە خاوەنی ١٠٦ کورسین لە کۆی ٣٢٩ کورسی پەڕلەمانی عێراق، ڕێکەوتن لەسەر کاندیدیکردنی مستەفا کازمی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی، لەبری عەدنان زورفی بۆ پێکهینانی کابینەی حکومەتی نوێی عێراق.

هەرچەندە سەرچاوەیەکی نزیک لە عەدنان زورفی دوێنێ ئاشکرایکرد، هەفتەی داهاتوو پەڕلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە کابینەکەی کۆدەبێتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەکان، شیعەکان بە زورفی ڕازی نین و دەیانەوێ کەسێکی دیکە دیاری بکەن بۆ ئەو پۆستە.

حەمید مەعلە سەرکرد لە رەوتی حیکمەی نیشتمانیی بە ئاژانسی ئانادۆڵی ڕاگەیاند، ئێوارەی دوێنێ لە ماڵی هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح، کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی نوێنەرانی دەوڵەتی یاسا، رەوتی حیکمە، هەردوو کوتلەی نەهجی نیشتمانیی و فەزیڵە بەڕێوەچوو، لە میانی کۆبوونەوەکەدا لایەنەکان ڕێکەوتن لەسەر کاندیدکردنی مستەفا کازمی بۆ سەرۆکایەتی حکومەت لەبری زورفی و داواکاری کاندیدکردنی کازمی ئاڕاستەی بەرهەم ساڵح سەرکۆمار دەکەن، بەبێ ئەوەی هیچ ڕوونکردنەوەیەکی یاسایی لەوبارەوە بدات.

مستەفا کازمی، کەسایەتی سەربەخۆیە و سەر بە هیچ هێزێکی سیاسیی نییە، لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٦ پۆستی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانیی لە سەردەمی سەرۆکوەزیرانی پێشتووتر حەیدەر عەبادی، وەرگرتووە و تا ئێستا لەو پۆستەدایە.