May 29, 2020 02:56 Asia/Tehran
  • سەردانی کازمی بۆ بنکەی سەرکردایەتیی ھەڵمەتی ھاوبەشی عێراق بە مەبەستی ئاگادار بوون لە دوایین تەگبیری سەربازیی دژی داعش

سەرۆک وەزیران و سەرکردەی گشتیی ھێزەچەکدارەکانی عێراق بە مەبەستی ئاگادار بوون لە دوایین ھەڵمەتە سەربازییەکان و پێ و شوێن گرتنی چەکدارانی داعش، بنکەی سەرکردایەتیی ھەڵمەتی ھاوبەشی عێراقی بەسەر کردەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی نووسینگەی میدیایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەم سەردانەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەمەبەستی ئاگادار بوون لە دوایین ھەڵمەتە سەربازییەکان و پێ و شوێن گرتنی بەرماوەکانی داعش  لە ئاراستەی پتەوکردنەوەی ئاسایشت و سەقامی وڵات ئەنجامی گرتووە.

لە بەیاننامەی نووسینگەی میدیایی سەرۆک وەزیرانی عێراق دا ھاتووە: کازمی لەو سەردانەی دا چاوی بە کۆمەڵێک لە کاربەدەستانی سەربازی و ئاسایشتی کەوت و پێی ڕاگەیاندن: پەرە پێ دانی دامەزراوە ئاسایشتیەکان و چاکسازی لەو دامەزراوەنەدا لە ئەوبەرایەتییەکانی دەوڵەتە لە ئاراستەی ھێزمەند کردنی کارایی دەزگا ئاسایشتییە جۆربەجۆرەکان و وەدی ھێنانی پێشکەوتنی دڵخواز و ڕەچاو کردنی ئەم بنەما گرینگەی کە تەواوی ھێزە سەربازی و ئاسایشتییەکان لە خزمەتی گەل، ئارمانجەکان، یەکگرتن، ئاسایشت و پاراستنی چارەنووس و دەستکەوتەکانی تێکڕای جەماوەری عێراقدان.

ناوبراو وێڕای پێداگری لە سەر بەردەوامی دان بە ھەڵمەتی سەربازی بۆ دابین کردنی ئاسایشتی سنوورەکان، وتیشی: ھیچ لایەن و یان ھێزێک بۆی نییە لە دەرەوەی چوارچێوەی حکومەت دا بێت.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ھەروەھا تیشکی خستە سەر گرینگایەتیی ڕێکخستنی نێوان ھێزە ئاسایشتییەکان و وتیشی: ئەم بابەتە کاریگەرییەکی ئەرێنیی لە سەر ھەڵمەتی سەربازی و ئاسایشتی و دەرپەڕاندنی تیرۆریستان دەبێت.

لەپاش سەرۆکایەتیی موستەفاکازمی بەسەرئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دا، ھەڵمەتی سەربازیی زۆر دژی تیرۆریستانی داعش ئەنجامی گرتووە کە گرینگترینیان کوشتنی «موعتەز ئەلجبووری» جێگرو سەرکردەی داعش و گرتنی بەرپرسی میدیایی ئەم تاقمە تیرۆریستییە لە سەلاحەددین دا بووە.