حوزه‌یران 04, 2020 19:08 Asia/Tehran
  • پێڕستی ناوی کۆمەڵێک پاڵێوراوی تازە بۆ پۆسته‌ به‌تاڵه‌کانى حکومه‌تى نوێى عێراق گه‌یشته‌ په‌رله‌مان

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: پێڕستی ناوی پاڵێوراوانی تازە بۆ وەزارەتە پڕنەکراوەکان، رادەستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کراوە.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕرانەوە لە ماڵپەڕی سپێدە، بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ناوی پاڵێوراوان بۆ وەزارەتە پڕنەکراوەکان لە حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی «موستەفا کازمی» رادەستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، «موحەممەد حەلبووسی» کراوە.

لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە رۆژی شەممە، ئەنجوومەنی نوێنەران بەمەبەستی دەنگدان و متمانە بەخشین بە پاڵێوراوان، کۆبوونەوەیەک ساز دەکات.

ناوى پاڵێوراوانیش بریتین لە‌:

فۆئاد حسەین بۆ وەزیری دەرەوە

حاکم سالار بۆ پۆستی وەزارەتی داد

حەسەن نازم بۆ پۆستی وەزارەتی رۆشنبیری

ئیڤان فایەق بۆ پۆستی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران

ئیحسان عەبدولجەبار بۆ پۆستی وەزارەتی نەوت

عەلا جبووری بۆ پۆستی وەزارەتی بازرگانی

موحەممەد عەبدولکەریم بۆ پۆستی وەزارەتی کشتوکاڵ

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە ماڵپەڕی شارپرێسیش وێڕای ئاماژە کردن بۆ شیمانەی متمانە نەبەخشران بە فۆئاد حسەین بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە لە لایەن پەرلەمانتارانەوە، بە گێڕانەوە لە «ئەسعەد مورشیدی» پەرلەمانتاری رەوتی حیکمەی نیشتمانی باسی لەوە کردووە، کە زۆرینەی پەرلەمانتاران دژی کاندیدکرانی «فوئاد حسەین»ن پۆستی وەزارەتی دەرەوە، تەنانەت پەرلەمانتاران ئامادە نین بە قسەی کۆتلەکانیشیان بکەن ئەگەر لەم بارەیەوە گوشاریان بۆ بێنن.

شارپرێس ھەر لەو بابەتەی دا ئاماژە بۆ پاڵێوراوێکی دیکەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە ئەگەر بێتو «فۆئاد حسەین»ی لێ قەبووڵ نەکرێت و لەم بارەیەوە دەنووسێت:رەنگە پارتی دیموکراتی کوردستان لەجیاتی «فوئاد حسەین» بۆ پۆستی وەزارەتی دەرەوە، پەنا بۆ کاندیدکردنی «بەیان سامی عەبدولرەحمان» نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا بەرێت.