ئاب 29, 2020 09:38 Asia/Tehran
  • باڵیۆزی ئێران لە بەغدا: ئێران باشترین دۆستی عێراق و مستەفا کازمییە

باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغدا هەڵوێستی وڵاتەکەی لە بەرامبەر ئێستای عێراق و سەرۆکایەتی مستەفا کازمی دەربڕی و جەختیکردەوە کە ناوبراو دۆستێکی باشتری لە ئێران نابێت.

 

ئیرەج مەسجدی لە چاوپێکەوتنی کەناڵی ئاسیادا وتی: ئێمە ڕێز لە مستەفا کازمی دەگرین و ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ سەرکەوتنی حکومەتەکەی دەیکەین.

ناوبراو ئەم پاڵپشتییەی بە بابەتێکی ئاسایی ناو برد و هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە کازمی بە دەنگی زۆربەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردراوە.

مەسجدی وتی: حکومەتەکەی کازمی دۆستێکی باشتری لە ئێران نابێت و لە چاوپێکەوتنەکەی لە گەڵ ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەڕێزیان ڕایانگەیاند کە تاران پاڵپشتی لەم حکومەتەی عێراق دەکات، ئەمەش پەیامەکەی ئەوەیە کە ئێران ڕێز لە مستەفا کازمی و حکومەتەکەی دەگرێت و پاڵپشتیی لێدەکات.

باڵیۆزی ئێران سەبارەت بە پەیوەندییەکانی حکومەتەکەی کازمی لە گەڵ ئەمریکا و سەعوودیاش وتی: ئەمە بابەتێکی ناوخۆیی حکومەتی عێراقە و ئێران ڕێز لە سیاسەتی ئەم وڵاتەش دەگرێت.

ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە پەیوەندی لایەنە سیاسییەکانی عێراق لە گەڵ ئێران وتی: لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە عێراقییەکان ڕاوێژ لە گەڵ ئێران دەکەن و ئێرانیش بۆچوونی خۆی دەخاتەڕوو، وەک چۆن کە ئەو لایەنانە لە گەڵ وڵاتانی دیکەش پەیوەندییان هەیە بەڵام ئێمە بۆچوونی خۆمان بە دۆستانە بەوان ڕادەگەێنین.

مەسجدی وتی: مافی ئێرانە کە باشترین و زیاترین پەیوەندیی لە گەڵ وڵاتێک هەبێت کە سنورێکی بەرفراوانی هاوبەشیان پێکەوە هەیە.

باڵیۆزی ئێران دواجار وتی: عێراق و گەلەکەی هەموو کات ئەوەیان بینیوە کە ئێران بەردەوام لە گەڵ ئەوان بووە و هاوکاری ئەوانی کردووە.

سەرپەیڤ