ئه‌یلوول 02, 2020 02:25 Asia/Tehran
  • کوتلە سیاسییەکانی عێراق بۆ پشتیوانی کردنی لە ڕێکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا مەرج دیاری دەکەن

پەرلەمانتارێکی سەربە هاوپەیمانی فەتح لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووە، بۆ ئەوەی پشتیوانیی هەر ڕێکەوتنێکی نێوان حکومەتی بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین ، پێنج مەرجمان ھەیە.

بە پێی ڕاپۆرتێکی میدیاکانی عێراق، «حەنین قەدۆ» پەرلەمانتاری «هاوپەیمانیی فەتح» لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووە، کوتلە سیاسییەکانی بەغدا پێنج مەرجیان داناوە بۆ ئەوەی پشتیوانی هەر ڕێکەوتنێکی نێوان حکومەتی بەغدا و حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن .

قەدۆ راشیگەیاندووە، دۆسییە هەڵواسراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا زۆر ئاڵۆزن، بەڵام ئەگەر بێتو یاسای نەوت و گاز یەکلایی بکرێتەوە، ئەوە هەموو ئەو کێشانە چارەسەر دەبن.

ناوبراو ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە، هێزە سیاسییەکان ئامادەن پشتگیریی هەر ڕێککەوتنێکی نێوان هەرێم و بەغدا بکەن، کە تێیدا بەغدا خەرجی و شایستە داراییەکانی کوردستان رەوانە بکات، بەو مەرجەی هەرێمی کوردستانیش پابەندی دەستوور بێت و داهاتەکانی نەوت رادەستی بەغدا بکاتەوە و نەوت لەڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە بفرۆشێت .

ئەم پەڕلەمانتارەی هاوپەیمانیی فەتح جەختی لەوەش کردووەتەوە کە، دەبێت هەرێمی کوردستان داهاتی دەروازە سنوورییەکان و باج و داهاتی فرۆکەخانەکانیش رادەستی بەغدا بکاتەوە، ئینجا دەکرێت ڕێککەوتنێکی نوێ لەنێوان هەردوولادا واژۆ بکرێت و بەغداش پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیی فیدراڵی زیاتر بکات.

سەرپەیڤ