سەرۆکی رەوتی سەدر:هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی وڵاتان زیان بە ئێستا و داھاتووی عێراق دەگەیەنێت
«موقتەدا سەدر»، سەرۆکی رەوتی سەدر لەو باوەڕەدایە کە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی وڵاتان زیان بە ئێستا و داھاتووی عێراق دەگەیەنێت و ھەر بۆیە پێشنیاری پێکھاتنی لێژنەیەک دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لە وەھا پێشێلکارییەک.
«موقتەدا سەدر» سەرۆکی رەوتی سەدر، داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی کردووە لە بارەی بەئامانجگرتنی دپپلۆماتکاران و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی و ھەروەھا دامەزراوە حکومییەکان و راگەیاندنی ئەنجامەکانی بۆ رای گشتی.
ئەمڕۆ هەینی، لە توییتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، موقتەدا سەدر رایگەیاند: پێویستە لیژنەیەکی ئەمنی، سەربازی و پەرلەمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییە ئەمنییەکانی عێراق و هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی وڵاتان و دامەزراوە دەوڵەتییەکانی عێراق پێکبهێنرێت.
لە پەیامەکەیدا سەدر ئاماژەی بەوەکردوە، ئەم جۆرە پێشێلکارییە ئەمنیانە زیان بە ئێستا و داھاتووی عێراق دەگەیەنێت و هەڕەشەش دەبێت بۆ سەر سەروەریی خاکی وڵات.
سەرۆکی رەوتی سەدر داواشی کردووە کە بەرامبەر ئەنجامدەرانی ئەو کارانە رێکاری یاسایی و توند بگیرێتەبەر، ئەگینا ئەوە کەمتەرخەمیی حکومەت دەگەیەنێت لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی لە پێناو گێڕانەوەی سەروەری و ئاسایشت بۆ خاکی عێراق.