تشرینی یه‌که‌م 14, 2020 15:13 Asia/Tehran
  • عێراق: وتووێژ تاکە ڕێگای گەییشتن بە ئاشتییە لە ناوچەکەدا

وەزیری کاروباری دەرەوەی عێراق لە سەر باوەڕی لێبڕاوانەی وڵاتەکەی بە وتووێژی نیانمەند لە ناوچەکەدا پێی داگرت و بە تاکە ڕێگای گەییشتن بە ئاشتی زانی.

بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، «فۆئاد حسەین» وەزیری دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە، لە پرێس کۆنفرانسێکی ھاوبەش دا لەگەڵ  «نیکۆس دندیاس»ی ھاوتای یۆنانیی خۆی لە شاری بەغدا وتی: ئێمە لێبڕاوانە باوەڕمان بە وتووێژی نیانمەندو ئاشتیانەیە لە ناوچەکەدا لە سەر بنەمای مافی نێونەتەوەیی و دەستوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی دیکە.

وتیشی: یۆنان ھاوبەشی عێراقەو ئێمە دوو تەبایی نامەمان لەگەڵ ئەم وڵاتە واژۆ کردووە کە بنەمای گەشە پێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانە. ڕەوشتی ناوچەکە و کۆمەڵگای نێونەتەوەییشمان لێک دایەوەو جەختمان لەوە کردەوە کە ناکۆکی و پێکدادان و شەڕ دەبێ بە ئاراستەیەکی دیکەدا ببردرێت، چونکو تاکە ڕێگای گەییشتن بە ئاشتی، وتووێژەو ئێمەش باوەڕمان بە وتووێژە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی دیکەش دا.

فۆئاد حسەین ھەروەھا بانگێشتنی کۆمپانیاکانی یۆنانی کرد بۆ سەرمایەنانەوە لە عێراق لە بواری وزەی خاوێن دا.

وەزیری دەرەوەی یۆنانیش بەش بە حاڵی خۆی، وتی: یۆنان دۆستی مێژوویی عێراقە، ئێمە ئەمڕۆ لە پەیوەندیی دوو قۆڵی و پرسی ناوچەیی دا بیروڕامان گۆڕییەوەو چاوەڕئانی گەشە پێدانی پەیوەندییەکانیشین ھەتا ئاستی ئابووری.

«دندیاس» وتیشی: کۆمپانیاکانی یۆنان بۆ سەرمایەنانەوە لە عێراق دا لە بواری وزەو کارەباو کەرەستەی پزیشکی ئامادەن و ئاسێنا لە عێراق و سەقام گرتنی و گەڕانەوەی ئاشتی بۆ ئەم وڵاتە داکۆکی دەکات.

سەرپەیڤ