تشرینی یه‌که‌م 26, 2020 11:22 Asia/Tehran
  • عیزەت دوری مرد

بەیانی ئەمڕۆ بەیاننامەیەک بەناوی حزبی بەعسی عێراقییەوە بڵاوکراوەتەوە کە مردنی عیزەت دوری ڕاگەیاندووە.

 

لە یەکێک لە وێبسایتەکانی نزیک لە حزبی بەعسی عێراقی ئەمڕۆ 26ی تشرینی یەکەم ڕاگەیەنراوێک بڵاوکراوەتەوە و دەڵێت، ڕۆحی عیزەت دوریش گەیشتووەتە لای سەدام حسێن و ئەویش کۆچی دوایی کردووە، بەبێ ئەوەی باس لە هۆکاری مردنەکەی بکات.

هاوکات بە پشت بەستن بە سەرچاوەیەکی حزبی بەعس کەناڵی سی ئێن ئێن ئاشکرایکردووە، "بەیانی ئەمڕۆ لە گۆڕستانێکی ڕانەگەیەنراو لە پارێزگای سەڵاحەدین عیزەت دوری بە ئامادەبوونی هەندێک لە ئەندامانی ئەو حزبە نێژراوە".

عیزەت دوری لە ساڵی 1942دا لە دایکبووە و لەسەردەمی حزبی بەعسی عێراقیدا جێگری سەدام حسێن بوو، بەمەش لەماوەی حوکمی بەعسدا لە عێراق دوری پیاوی دووەمی ئەو دەسەڵاتە بوو.

لەدوای رووخانی رژێمی بەعس، عیزەت دوری یەکێک بوو لە داواکراوان لەلایەن سوپای ئەمریکاوە و 10 ملیۆن دۆلار دانرابوو بۆ هەر کەسێک کە زانیاری بدات لەسەر عیزەت دوری، بەڵام دوای 17 ساڵ کەس نەیتوانی زانیاری لەبارەی ئەو سەرکردەیەی بەعسەوە ئاشکرا بکات.

سەرپەیڤ