کانونی دوھەم 17, 2021 00:15 Asia/Tehran
  • عێراق و تورکیا لەبارەی پرسی ئاو کۆبوونەوە

مەھدی رەشید حەمدانی وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، لەگەڵ ویسل ئەر ئۆغڵۆ نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ کاروباری ئاو، پرسە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو وڵاتیان، تایبەت بە دۆسیەی ئاو تاوتوێ کرد.

نوسینگەی راگەیاندنی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، مەھدی رەشید حەمدانی لەڕێگای ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لەگەڵ ویسل ئەر ئۆغڵۆ کۆبوەتەوە.

بەپێی راگەیەنراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، پرسە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان عێراق و تورکیا تایبەت بە دۆسیەی ئاو تاوتوێکراوە، ھەروەھا سەبارەت بەو رێککەوتنانە گفتوگۆکراوە کە لە سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بۆ تورکیا لە نێوان ھەردووڵاتدا کراون.

ئاماژە بەوەیشدراوە ھەر لە کۆبونەوەکەدا باس لە ژمارەیەک رۆژەڤی گرنگ تایبەت بە دۆسیەی ئاو لە نێوان عێراق و تورکیا کراون لەوانە رەشنوسی پرۆتۆکۆڵی ھاوکاریی لە بواری ئاو، هەروەها دروستکردنی ناوەندی توێژینەوەی ھاوبەشی نێوان ھەردوو وڵات بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەی ئاو.

بڕیاربوو دوێنێ ھەینی وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، مەھدی رەشید حەمدانی بەسەرۆکایەتی شاندێک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر رەشنوسی پرۆتۆکۆڵی ھاوکاریی لە بواری ئاودا سەردانی تورکیا بکردایە، بەڵام سەردانەکە بۆ کۆتایی ئەم مانگە دواخرا.

سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی لە 17-ی کانونی یەکەمی ساڵی رابردوو بە سەرۆکایەتی شاندێکی سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆگان کۆبوەوە.

ئاوی ھەردو روباری دیجلە و فورات لە رۆژھەڵاتی تورکیاوە ھەڵدەقوڵێت و بە خاکی سوریادا تێپەڕدەبێت تاوەکو دەگاتە عێراق و لە ناوچەی قوڕنە باشوری ئەو وڵاتە پێکدەگەن و دەڕژێنە کەنداوی فارس .

سەرپەیڤ