ئاب 25, 2016 19:05 Asia/Tehran
  • یەکەمین مێهرەجانی شازترینی مزگەوتەکان لە سەقز بەڕێوەچوو

یەکەمین مێهرەجانی شازترین مزگەوتەکان هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانی و حەوتەی بەرزڕاگرتنی مزگەوتەکان به ئامادەبوونی مامۆستایانی پێشنوێژ و فەرماندەکانی سوپا، له سەقز بەڕێوەچوو.

به پێی هەواڵی کوردپرێس، پێشنوێژی هەینی شاری سەقز لەم ڕێوڕەسمەدا وێڕای ئاماژه به ڕۆڵی سەرەکی مزگەوتەکان له ڕێکخستن، یەکێتی، هاوئاهەنگی، هاودڵی کۆمەڵگەی ئیسلامی وەبیری هێنایەوه: بۆ پاراستن و ڕاگرتنی مزگەوتەکان دەبێ موسوڵمانان له پێناوی بڵاوکردنەوە و بانگەشەی ئیسلام قۆڵی هیمەت هەڵمانن.

پاشان فەرماندەی سوپای شاری سەقز وێڕای تیشک خستنه سەر ئەوەی که 31 مانگی پووشپەڕ به نێوی ڕۆژی جیهانی مزگەوتەوه نێونراوه، وتی: ئەم ڕۆژه ڕۆژی ڕێزنان له شوناسی ئیسلامییە، که مزگەوتەکان پێگەی یەکێتی‌بەخشی موسوڵمانانن.

سەرهەنگ نادرپەنا وێڕای ئاماژه به ڕۆڵی کارای مزگەوتەکان وەک سەنگەری گرینگی موسڵمانان له قۆناغه جیاوازەکانی ئیسلام وتی: مزگەوتەکان ڕۆڵی ڕێنوێن و ڕۆشنگەریان له بەرەڤانی پیرۆز و بەرەکانی حەق و ناحەقدا نواندوه و پاش بنەماڵه گرینگترین ناوەندی پەروەرده و بانگەشەی هاوڵاتیانه. 

له درێژەدا دوکتۆر نەقیبی سەرۆکی "ناوەندی گەورەی ئیسلامی" سەقز به تیشک خستنه سەر ئەوەی که ئاسایش،هێمنایەتی و تەندروستی ئێران له سایەی یەکێتی و هاوڕیزی هەموو گەلی مەزنی ئەم وڵاتە وەدی هاتووه، وەبیریشی هێنایەوه: پیلانی ئاژاوه گێڕان به وریایی و وردبینیی تەواوی دەزگا ئاسایشەکان له بڕگه جۆراوجۆرەکاندا ناسراو و بنەبڕ کراوە.

له کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا ڕێز له پێشنوێژانی لێهاتوو و سەرکەوتووی شارەکه گیرا.