شوبات 15, 2017 20:04 Asia/Tehran
  • دواهەمین هەنارى دونیا له‌ ئه‌ڵمانیا ده‌دره‌وشێته‌وه‌

رۆمانی "دواهەمین هەناری دونیا"ى بەختیار عەلی، لە فێستیڤاڵی سینەمایی "بەرلینالە" کە لە وڵاتی ئەڵمانیا بەرێوەچوو بە یەکێک لە دوازدە باشترین رۆمانی ئەو وڵاتە دەستنیشان کرا.

به‌ پێی هه‌واڵی کوردپرێس به‌گێڕانه‌وه‌ له‌ ماڵپه‌ڕی سبه‌ی، رۆمانی دواهەمین هەناری دونیا، لە نووسینی رۆمان نووسی کورد بەختیار عەلی، وەک یەکێک لە باشترین رۆمانەکان، هاوشانى دوازدە رۆمانی دیکە هەلبژێردرا، ئەم بەرهەمە ساڵی رابردوو وەرگێڕدرایە سەر زمانی ئەڵمانی و دەنگدانەوەیەکی بەرچاوی لە ناو نووسەران و خوێنەرانى ئەو وڵاتە هەبوو.

هەروەها ساڵانە لە فێستیڤاڵی "بەرلینالە" چەند رۆمان و چێرۆکێک هەڵدەبژێردرێن وەک بەرهەمە باشەکان و دەخرێنە بەردەم دەرهێنەران بۆ ئەوەی بکرێنە سیناریۆی فیلمەکانیان.ئەمساڵ هیچ فیلمێکی کوردی لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارنەبووە .

فێستیڤاڵی سینەمایی بەرلینالە ساڵانە لە مانگی شوبات لە شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت بە یەکێک لە گرنگترین فێستیڤاڵە سینەماییەکانی جیهان دادەنرێت.