شوبات 19, 2017 12:42 Asia/Tehran
  • به‌شداری

فیلمێکی کوردی لە ساڵی ۲۰۱۷ بەشداریی ٦ فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلم له‌ ئاستی جیهان دەبێت.

به‌ ڕاپۆڕتی ئاژانسی مێهر، کورتە فیلمی "بینای ژمارە ١٣" لە نووسین و دەرهێنانی ئەمیر غوڵامی، دەرهێنەری گەنجی کورد، بۆ ساڵی ۲۰۱۷ بەشداریی لە ٦ فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی  له‌ ئاستی جیهان ده‌کات.
به‌ پێی ئه‌م ڕاپۆرته‌، ئەم فێستیڤاڵانە بریتین لە فێستیڤاڵەکانی پۆین سێنا (Poinciana)، بێستۆن (Beeston) و نه‌هێنی (Invisible) له‌ بەریتانیا، هه‌روه‌ها فێستیڤاڵی Cortisoniciی ئیتالیا و کاپ سپارتێل (Cap spartel)ی مەراکێش که‌ له‌ سێ مانگی داهاتوودا به‌ڕێوه‌ ده‌چن.

فیلمی "بینای ژمارە ١٣" لە گەڵ ٣ فیلمی دیکە بە نوێنەرایەتی لە ئێران هەڵبژێردراون بۆ بەشی پێشبڕکێی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "کوئینز" (Queens)ی ئەمریکا کە بڕیارە لە رۆژانی ۱۴ تا ۱۹ی مانگی مارسی ۲۰۱۷ی زایینی لە شاری نیۆیۆرکی ئەمریکا بەڕێوە بچێت.

بینای ژماره‌ ۱۳ کە بە شێوازی پۆست مۆدێڕن داڕێژراوە، ڕه‌وایه‌تی ژیانی چین و توێژە ژێرینەکانه‌ و بە جۆرێک ئاوڕدانەوەیەکە لە ژیانی تاکەکان و چینە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگا، لە شاری سنە.

شایانی باسه‌ که‌ پێشتر خەڵاتی باشترین دەرهێنەر لە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی سەربەخۆی لەندەن، خەڵاتی باشترین دەنگهەڵگری لە مێهرەجانی فیلمی ناوچەیی کومێشی سیمنان بەم فیلمە بەخشراوە و هاوکات کاندیدای بەشی باشترین سناریۆی مێهرەجانی کورتە فیلمی تاران بووە.