ئادار 02, 2017 18:10 Asia/Tehran
  • ئاوڕدانەوەیێک لە ڕێوڕەسمی ئۆسکار و سەرکەوتنی فیلمی فرۆشیار

ئەسغەر فەرهادی دەرهێنەری بەناوبانگی ئێرانی، خەڵاتی ئۆسکاری باشترین فیلمی بیانی لە هەشتاونۆهەمین خولی ئۆسکار، بە بۆنەی فیلمی "فرۆشیار"ەوە وەرگرت.

گۆڤاری "ئێل پائیس"ی چاپی سپانیا پێش ڕێوڕەسمی ئۆسکار نووسیبووی بێتوو فیلمی "فرۆشیار" خەڵاتی ئۆسکار دەستەبەر بکات، وەکوو ئەوەیە زللەیێک درابێ لە ترەمپ.

ئەسغەر فەرهادی دەرهێنەری فیلمی "فرۆشیار"

ئەسغەر فەرهادی بە مەبەستی ڕەخنە و گازندە لە بەرامبەر فەرمانەکەی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ ڕێگری لە هاتنی شارومەندانی 7 وڵات بۆ ڤیلایەتە یەکگرتووەکان، ڕێوڕەسمی ئۆسکاری 2017 ی بایکۆت کرد و ڕایگەیاند تەنانەت ئەگەر ئەویش لەم بابەتە جیا بکەنەوە دیسان هەر بەشداری ئەو ڕێوڕەسمە ناکات.

فیرووز نادری  و ئەنووشە ئەنساری

ئەم دەرهێنەرەی سینەمای ئێران، فیرووز نادری، یەکێک لە بەرپرسانی ئێرانی ڕێکخراوی گەردوونگەڕی ئەمریکا "ناسا" و ئەنووشە ئەنساری، یەکەم ئافرەتی گەردوونگەڕ لە جیهانی وەکوو نوێنەرانی فیلمی "فرۆشیار" بە ئاکادیمیای ئۆسکار ناساند.

خاتوو ئەنساری لە کاتی ئامادە بوونی بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکەی فەرهادی، بە نوێنەرایەتی ئەم دەرهێنەرە برووسکەیەکی ئاراستە کرد کە لەودا ڕەخنە گیرابوو لە سیاسەتە تووندئاژۆانەکانی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە بەرامبەر کۆچبەراندا.

"فرۆشیار" لەگەڵ 9 فیلمی دیکەی جیهان چووە گۆڕەپانی ململانێیەوە کە لە نێوان 85 فیلمی بیانی بۆ بەشداری لە بەشی دوایی ئۆسکار هەڵبژێردرا بوون.

فیلمی "فرۆشیار"

ئەم فیلمە لە مانگی مای 2016 دا خەڵاتی باشترین سیناریۆ و باشترین ئەکتەری دەوری یەکەمی پیاوی لە فستیڤاڵی نێودەوڵەتی "کان" و خەڵاتی باشترین سیناریۆی لە فستیڤاڵی مۆنیخ دەستەبەر کردبوو.

فیلمی "فرۆشیار" شەوی پێش بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ئۆسکار بە شێوەی گشتی و بێ بەرامبەر لە گۆڕەپانی "ترافالگار"ی لەندەن بۆ هەمووان نومایشت کرا. نزیک بە 10 هەزار تەماشاوان پاش نیوەڕۆی یەکشەممە 8 ی ڕەشەمە (26 ی فڤریە) بۆ دیتنی ئەم فیلمە لە ناوەندی لەندەن ئامادە بوون.

 

سەرپەیڤ