ئادار 16, 2017 21:12 Asia/Tehran
  • کۆڕبەندی سەرتاسەری نزیکبوونەوەی ئایینزاکان و یەکڕیزی ئیسلامی بەڕێوە دەچێت

سەرۆکی زانکۆی پەیام نووری مەهاباد ڕایگەیاند: کۆڕبەندی سەرتاسەری نزیکبوونەوەی ئایینزاکان و یەکرێزی ئیسلامی لەم زانکۆیەدا بەڕێوە دەچێت.

مەعرووف خەلیلی لە لێدوانێکدا وێرای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، وتی: ئەم کۆڕبەندە لە ڕۆژی ١٢ی گوڵان کە هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی بەرزڕاگرتنی مامۆستا بۆ ماوەی یەک ڕۆژ لە زانکۆی پەیام نووری مەهاباد بەڕێوە دەچێت.

وتیشی : تەوەرەکانی ئەم کۆڕبەندە برییتن لە: لەسێبەری ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز، مەترسیەکان سەر نزیکبوونەوەی ئایینزاکان لە ڕوانینی قورئانییەوە، ڕێکارەکانی بە کردەوەیی کردنی نزیکبوونەوەی ئایینزاکان لە ڕێگای حەدیسەکانی پێغەمەر، پێویستی نزیکبوونەوەی ئایینزاکان، ڕۆڵی زانکۆکانی جیهانی ئیسلام لە نزیکبوونەوەی ئایینزاکان، ڕابوونی ئیسلامی، کاریگەری ناوچەیی و جیهانی نزیکبوونەوەی ئایینزاکان و چەندین بابەتی گرینگی دیکە.

ناوبراو پەرەپێدانی فەرهەنگ و ناسراوەکانی ئیسلام، بەرەڤانی لە قورئان و نەریتەکانی پێغەمەری ئیسلام، لێکتێگەیشتنی بیرمەندانی ئیسلام لە بواری باوەڕ، فیقهی، کۆمەڵایەتی و سیاسی، پەرەپێدانی بیرۆکەی نزیکبوونەوەی بیرمەندان و زانایانی جیهانی ئیسلام، ئاگادار کردنەوەی خەڵک هەمبەر بە پیلانەکانی دوژمنان و پێکهێنانی بەرەیێکی یەکگرتوو لە بەرانبەر پیلانگێرییەکان وەکوو ئامانجەکانی ئەم کۆڕبەندە ناو لێبرد. 

خەلیلی داوای لە خەمخورانی ئیسلام و یەکڕیزی ئیسلامی کرد کە بە مەبەستی بەشداری لە کۆڕبندەکە تا ڕێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوەی ساڵی ٩٦ وتار و لێکۆڵینەوەکانی خۆیان بنێرن.