ئادار 20, 2017 10:52 Asia/Tehran
  • پزیشکێک: گەشتیاران لە نەورۆز پێویستە ئاگاداری جۆری خۆراکەکانیان بن

پزیشکێک، ھۆشداری ئەوە دەدات کە گەشتیاران لە نەورۆز، زیادەڕەوی لە خواردن نەکەن، بەتایبەت ئەوانەی گرفتی تەندروستیان ھەیە، بەشێوازێک بخۆن کە کار لە تەندروستییان نەکات.

د. ئازاد مەنتک، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ھەناو و دڵ، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لە وەرزی گەشتیاری کورستان، خەڵک کە سەردانی شوێنە گەشتیارییەکان دەکات و ئەو خواردنەی کە لە شوێنە گەشتیارییەکان دەخورێت، جیاوازە و گۆڕانی بەسەرداھاتووە، بۆیە دەبێ وریای ئەو خۆراکانە بین، بەتایبەت چەورییەکان".

ئەو پزیشکە، ئەوەشی ڕوون کردەوە: "خەڵک دەبن بەسێ بەش، ئەوانەی کە تەندورستیان باشە و گەنجن و گرفتیان نییە، ئەوانە گۆڕانکاری لە شێواز و شێوەی خۆراکیان، ئەوەندە کاردانەوەی نابێت، ئەوانەی کە نەخۆش نین، بەڵام ئامادەییان تێدایە بۆ تووشبوون بەخۆشی، بۆیە دەبێ وریا بن لەو خۆراکانەی کە دەخۆن، بەڵام ئەوانەی کە خۆیان نەخۆشن، لەگەڵ ئەوەش پارێزی لاوەکی دەکەن، دەبێ زۆر وریا بن، چونکە ئەو خۆراکە چەورییانەی کە دەخورێت، کاردانەوەی لەسەر جەستەیان دەبێت و باری تەندروستی لەشیان تێک دەدات، بەتایبەت گەشتیارانی کوردەواری، زۆربەی چەوری و گۆشتە، کاردانەوەی زۆر خراپی دەبێت".

گوتیشی: "نابێ ھیچ گەشتیارێک زیاد لە پێویستی خۆی بخوات و زۆر خۆر بێت، بەتایبەت لە چەوری و گۆشتەکان، تەنانەت دەبێت ژەمەکانیش لەکاتی خۆیان بخۆن، چونکە کاریگەری دەبێت".