نیسان 26, 2017 15:42 Asia/Tehran
  • فێنکترین شوێنەکانی ئێران بۆ گەشتی هاوینە

هەرکات لە وەرزی هاوین نزیک دەبینەوە لە هەمان سەرەتاوە باسی پلان داڕشتن بۆ سەفەر، دەبێتە کێشەی سەرەکیمان، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی وا لە ڕۆژانی جێژنی نەورۆزدا سەفەر نەچوونە و چاوەڕێی هاتنی پشووی هاوینەن.

کرماشان و سرووشتی هەرە جوانی

لەوانەیە بتوانین بڵێین کرماشان لە هاویناندا یەکێکە لە باشترین شوێنەکان بۆ گەشت و سەفەر. کەشوهەوای خۆش و شوێنەوارە کەوناراییەکانی کرماشان و هەروەها سرووشتە جوانەکەی لەگەڵ خەڵکی میواندۆستی وای کردووە کە هەموو ساڵێک لە هاویناندا خەڵکێکی زۆر ڕووی تێ بکەن.

لەبیرتان نەچێ شوێنە گرینگەکانی کرماشان وەکوو تەکیەی مەعاوەنۆلمۆلک، بازاڕی کۆن، باخی باڵندەکان، باخی گشتی کوێستان، سەراو نیلووفەر، پارکی ڕووباری قەرەسوو، تاق وەستان، بێستوون، مزگەوتی عیمادۆدەولە و هتد، بەسەر بکەنەوە.

سرووشتی جوانی گەردوپەڕی ڕووباری ئەرەس و جوڵفای ئازەربایجان

یەکێک لەو بابەتانە وا ئەرەسی کردووەتە ناوچەیێکی گونجاو بۆ گەشتیارانی سرووشت، ئاسایشی ناوچەکەیە، چوونکە میوانان ئەتوانن بە هێوری و ئاسایشەوە خێوەت هەڵدەن و چەند ڕۆژێک لە داوێنی سرووشتدا تێپەڕێنن.

گەردوپەڕی ڕووباری ئەرەس و جوڵفا

لە شوێنە سرووشتییەکانی گەردوپەڕی ئەم شارە ئەتوانین ئاماژە بکەینە: پارکی لێوارەیی دوڕنا، لێواری ڕووباری ئەرەس، سرووشتی جوانی شوێنێک بەناوی "ئاسیاب خەرابە" (ئاشە ڕووخاوەکە) و هەروەها سرووشتی لەباری دەوروبەری کڵێسەی "سەنت ئێستێپانووس".

فوومەن بەهەشتی خوا لەسەر زەوی

کەشوهەوای لەبار، دارستان و شاخە داپۆشراوەکان لە دار و درەخت و ڕووباری جۆراوجۆر، فوومەنی کردووە بە جەمسەری گەشتیاری گێڵان و تەنانەت ئێرانیش. دەڵێن ماسوولە بووکی باکوورە و قەڵاڕوودخان بەهەشتی خودایە لەسەر زەویدا.

قەڵاڕوودخان
ماسوولە

چوارمەحاڵ و بەختیاری، سەر بانی ئێرانە

شەهرکورد، بەرزترین ناوەندی پارێزگایە لە ئێراندا و هەر بەم هۆیەوە بە سەربانی ئێران بەناوبانگە. بوونی ئاسەوار و شوێنەواری مێژوویی وەکوو قەڵا و شوێنە گەشتیاری و زیارەتییەکان لەگەڵ کەشوهەوای لەبار سەرەنجی زۆرێک لە گەشتیاران بەروەلای پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری ڕادەکێشێت.

شوێنی جۆراوجۆر بە سرووشتی جوان لە نزیکی شەهرکورددا زۆرن کە بەناوبانگترینیان بریتین لە: ناوچەی گەشتیاری "چشمەزنەی هەفشەجان"پردی زەمان خان، کووهڕەنگ، توونێل و تاڤگەی کووهرەنگ،  تاڵاوی نێودەوڵەتی چۆغاغوور و هتد.
چوارمەحاڵ و بەختیاری، سەر بانی ئێرانە

ئەردەبێڵ شاری ئاوەگەرمەکان

سەرعەین خاوەنی دەیان چاوگەی ئاوی گەرمی کانگاییە کە لە کێوی سەبەلانەوە سەرچاوە دەگرن. ئەم شارە بە هۆی ئەم چاوگە ئاوە گەرمانەوە نێوبانگی زۆری هەیە.هەموو ساڵێک لە کۆتایی بەهار و لە هاویناندا گەشتیاری زۆر، ڕوو دەکەن لەم ناوچەیە.

ئەو ناوچانەی وا ئاماژەیان پێ کرا تەنیا بەشێکن لە سرووشتی جوانی سەرزەوی ئێران چوونکە گەلێک شوێنی جوان و لەباری دیکەشی تێدایە بۆ بنەماڵەکان و هۆگرانی گەشت و سەیران و سەفەر.هیوادارین سەفەرێکی خۆشتان هەبێت.

سەرعەین

 

سەرپەیڤ