ئه‌یلوول 18, 2017 10:21 Asia/Tehran
  • وێژە و ئەدەبی جیهان میراتبەری زمان و وێژەی فارسییە

27ی خەرمانان لە ئێراندا وەکوو ڕۆژی شیعر و ئەدەبی فارسی ناودێر کراوە. شیعر و ئەدەب هەویە و شوناسی ئێرانییەکانە و هەر لە کۆنەوە، ئێران وەکوو هەرێمی بۆن و بەرامەی خۆش و گوڵ و جوانی و چیرۆکی سەرەنج ڕاکێش لە جیهاندا ناسراوە.

"گرووسە"ی ڕۆژهەڵاتناسی فەڕەنسایی سەبارەت بە ئێران نووسیویەتی: "ئەگەر وەکوو بیانییەک ڕێگەم پێ بدەن ڕای خۆم دەرببڕم دەبێ بڵێم ئێران مافێکی گەورەی هەیە لە سەر مرۆڤایەتی. چوونکە بە شایەتیی مێژوو، ئێران بە فەرهەنگی دەوڵەمەند و ئیسلامیی خۆی لە ماوەی سەدەکانی ڕابردوودا، بواری بۆ  لێک گەیشتن، ڕێککەوتن و تەبایی خۆش کردووە لە نێوان نەتەوەکاندا، بە چەشنێک کە ئەوان فەلسەفە، بیرۆکە و ئارمانجێکی هاوبەشیان هەیە. بە هۆی هزر و ئەندێشە و هۆنراوەی ئێرانییەکانەوە، ڕەگەزە جۆراوجۆرەکان بوونەتە خاوەنی بڕوا و بۆچوونێکی هاوبەش. ئەو هەستانەی وا شاعیر و هۆنەرە ئێرانییەکان دەریدەبڕن فەڕەنسایێک وەکوو هێندییەک یاخود تورکێک وەکوو گورجییەک دەخاتە ژێر کارتێکردنی خۆیەوە. دەبێ بڵێم عاریفانی ئێران سەرباری ئەوەی کە موسڵمانن بەڵام هەر ئەوەندەش کار دەکەنە سەر دڵی فەلەیێک یاخود برەهمەنێک بۆیە ئەوان پەیوەندییان بە تەواوی مرۆڤایەتییەوە هەیە.

 شاعیری ئەڵمانی " گوتە "  زۆر هۆگر و شەیدای شیعرەکانی حافز بوو

"گوتە"ی شاعیری ئەڵمانی کە زۆر هۆگر و شەیدای شیعرەکانی حافز بووە  ، لە حاڵێکدا نوقمی هۆنراوە و هزری حافز بوو ئارەزووی برایەتی ئەوی کردووە و لە بەرهەمی "دیوانی ڕۆژهەڵاتی"دا گوتوویەتی" " ئەگەر دونیا بە کۆتایی بگات، بەئاواتم کە تەنیا ئەی حافزی ئاسمانی، لەگەڵ تۆ و هاوڕێی تۆ بم و وەکوو برای تۆ بم، بەشداری خەم و شادیت بم و هەر وەکوو تۆ عاشقی بکەم، چوونکە ئەمە شانازی ژیانی من و مایەی ژیانمە!"

ئارامگەی حافز لە شیراز

ئەوەی بووەتە هۆی تامەزرۆیی هزرمەندان و بیریارانی گەورەی جیهان لە ڕۆژهەڵاتەوە تاکوو ڕۆژئاوا، هزر و بۆچوونە باڵاکانی تایبەت بە شیعر و ئاسەواری ئەدەبی وێژەوانە گەورەکانی ئێرانە. پرسیارە فەلسەفەییەکانی خەییام، ئەوینی عاریفانەی مەولەوی، هزرمەندیی فیردەوسی و حیکمەتی سەعدەی، تامەزرۆ و هۆگری زۆریان هەیە لە سەرانسەری جیهاندا. لە سەردەمێکدا وەرگێڕانی رۆباعییەکانی خەیام لە لایان "فیتز جراڵد"ی ئینگلیزییەوە پاش کتێبی پیرۆز و شانۆنامەکانی شکسپیەر، ببوو بە پڕ فرۆشترین کتێبی جیهان. لە شیعرەوە ترازا و ببوو بە دروشم، ببووە هێما و ڕەمزی بزووتنەوە و لە میانەی سەدەی بیستەمدا لە ئینگلیز و ئەمریکا خانوویێکت نەدەدیتەوە کە لە کتێبخانەکەیدا ڕۆباعیاتێکی خەیامی تێدا نەبێت. خەییام گەیشتبووە ماڵی ئەورووپییەکان، ئەوەندەی کە سەربازە ئینگلیزییەکان لە دوو شەڕی جیهانیدا ئەم کتێبەیان لەگەڵ خۆیان دەبرد بۆ بەرەکانی شەڕ.

ئارامگەی فیردەوسی له توس

"سەید محەمەد حسێن بەهجەتی تەبریزی" لە دایکبووی 1285 و کۆچکردووی 1367ی هەتاوی ناسراو بە شەهریار، شاعیری هاوچەرخی ئێرانی و خەڵکی تەبرێز بووە کە بە زمانی تورکی ئازەربایجانی و فارسی شیعری هۆنیوەتەوە. ئەو لە تەبرێزدا هاتە سەر دونیا و بە پێی ڕاسپێری و وەسیەتی خۆی لە مقبرةالشعرای ئەم شارە ئەسپەردەی خاک کرا. 27ی خەرمانانیش بە ناوی ڕۆژی شیعر و ئەدەبی فارسی ناودێر کراوە. هۆی ئەم ناودێر کردنەش ساڵەهاتی کۆچی دوایی شەهریار بووە.

 سەید محەمەد حسێن بەهجەتی تەبریزی  ناسراو بە  شەهریار

گرینگترین بەرهەمی شەهریار کۆمەڵە هۆنراوەی "حەیدەربابا سەلام"ە کە بە یەکێک لە شاکارەکانی ئەدەب و وێژەی تورکی ئازەربایجانی ئەژمێردرێت. ئەم کۆمەڵە شیعرە لە ڕیزی شیعری مۆدێرندایە و بە  پتر لە 80 زمانی زیندووی دونیا وەریانگێڕاوەتەوە.

ئەوەی ئاماژەی پێ کرا، نموونەیێک بوو لە خەرمانەی ئەدەبی فارسی. ڕۆژی شیعر و ئەدەبی فارسی پیرۆز بێت لەسەر هەموو هۆگرانی زمان و ئەدەب و فەرهەنگی ئێران.

سترانی دڵبزوێنی حەیدەربابا لەگەڵ چەند بەشێک لە زنجیرە درامای شەهریار:

 

 

سەرپەیڤ