تشرینی دووه‌م 21, 2017 17:47 Asia/Tehran
  • ڕۆژی جیهانیی تلەڤیزیۆن پیرۆز بێت

کۆگەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 1996ی زایینی ، بیست و یەکی نۆڤەمبەر (30ی خەزەڵوەر)ی وەکوو ڕۆژی جیهانیی تلەڤیزیۆن ناودێر کرد. ڕێکخراوی نەتەوەکان ئامانجی خۆی لە ئاوەها هەنگاوێک بە هاندانی وڵاتان بۆ گۆڕینەوەی بەرنامە و پرۆگرامە تلەڤیزیۆنییەکان و بەتایبەت ئەو بەرنامانە ڕاگەیاند وا بە مەبەستی پەرەپێدانی ئاشتی، گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و برەوپێدانی پرسە فەرهەنگییەکانی کۆمەڵگا ساز دەکرێن.

داهێنەری تلەڤیزیۆن

لە "جان لوگی بێرد"ی زانستوەر و داهێنەری سکاتلەندی وەکوو داهێنەری تلەڤیزیۆن ناو دەبرێت، ئەگەرچی زانستوەران و داهێنەرانێکی دیکە وەکوو "پائۆل نیپکۆ" ، "بۆریس رۆزینگ" ، "ڤیلادیمیر زورکین" و "فیلۆ فارنزۆرس" لە کۆتایی سەدەی 19ی زایینییەوە دەوری کارایان گێڕاوە لە پەرەپێدان و تۆکمە کردنی تەکنۆلۆژیای تلەڤیزیۆن.

مێژووی گەیشتنی تلەڤیزیۆن بە ئێران

هەتا پێش ساڵی 1337 ی هەتاوی شتێک بە ناوی تلەڤیزیۆن لە ماڵی ئێرانییەکاندا نەبوو. لەو سەردەمەدا ڕادیۆ بوو کە بێ بوونی خەنیمێکی جیددی سەرتۆپی میدیاکان بوو. بەڵام لە ساڵی 1337ەوە بابەتەکە گۆڕدرا. لەو کاتەوە بوو کە ئیدی ئامێرێکی سەرسوڕهێنەر کە دواتر نازناوی باکسی جادوویان پێدا، گەیشتە ئێران.

Image Caption

تلەڤیزیۆن کاریگەرترین میدیا

زۆرێک لە کارناسان ڕایان وایە ئەمڕۆکە تلەڤیزیۆن وەکوو ئەندامێکی بنەماڵە وایە و هەندێ کەسیش بە بێگانەیێکی دەزانن کە خۆی سەپانددوە بە سەر بنەماڵەکاندا. بەڵام هەرچی بێ ئێستاکە لە سەرانسەری جیهاندا، تلەڤیزیۆن لە نێو خێزانەکاندا ڕۆڵ و دەورێکی کارا دەگێڕێ، پەیوەندی ئەندامانی بنەماڵە لە ژێر کارتێکردنی ئەو دایە و کارکردی خێزان گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ئەم ڕاگەینەرە هەندێ جاریش خەنیمە بۆ دایک و باب و جاروباریش هاوڕێ و یارمەتیدەریانە.

دیتنی بەرنامەکانی تلەڤیزیۆن و وەرگرتنی زانیاری لە ڕێگای ئەم میدیاوە، پێویستی بە خوێندەواری نییە و هەر بەم هۆیەوە لە نێو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگاکاندا، جێ و شوێنێکی تایبەتی هەیە.

پێویستی وشیاری دایک و باوکان لەمەڕ پەیوەندی منداڵان لەگەڵ تلەڤیزیۆن

بە پەرەسەندنی ڕۆژ لەدوای ڕۆژی کەناڵە تلەڤیزیۆنییەکان، دایک و باوک دەبێ ڕێگای درووستی کەڵك وەرگرتن لە تلەڤیزیۆن فێری منداڵەکانیان بکەن و هەروەها ڕادەی سەیر کردن و ئەو کەناڵانەی دەبێ منداڵان بۆ دیتنی بەرنامەکانی هەڵیبژێرن بۆیان دیاری بکەن یاخود چاودێری بکەن بەسەریاندا.

زۆرێک لە دەروونناسان دەڵێن باشتر وایە کاتبەندیێکی درووست بۆ سەیر کردنی بەرنامەکانی تلەڤیزیۆن بۆ ئەندامانی بنەماڵە تەنانەت گەورەکان لە ئارادا بێت. سەیر کردنی بەرنامەی تلەڤیزیۆن بۆ منداڵانی خوارووی دوو ساڵان، قەدەغەیە، لە دووساڵانەوە تاکوو تەمەنی چوونە قوتابخانە ڕۆژێ نیوکاژێر و بۆ قوتابیانی سەرەتایی بە لای زۆرەوە ڕۆژێک دوو کاتژمێر گونجاوە. دەروونناسان هەروەها دەڵێن دایک و باوک باشترە ئەو بەرنامانە وا بڕیارە منداڵ چاویان لێ بکات لە پێشەوە بیناسن و سەبارەت بە ناوەڕۆکەکەیان زانیارییان هەبێت.

کەناڵی ئاسمانی سەحەری کوردی ئەم ڕۆژە پیرۆزبایی دەکات لە هەموو چالاکوانانی بواری تلەڤیزیۆن لە سەرانسەری جیهان، کەسانێک کە بۆ بڵاو کردنەوەی حەق و راستییەکان و هەروەها سەقامگیرکردنی ئاشتی و تەبایی و برەوپێدانی خووخدە پڕبایەخەکانی مرۆڤایەتی هەوڵ دەدەن.

 

 

سەرپەیڤ