May 18, 2018 13:26 Asia/Tehran
  • ئاوڕدانەوەیێک لە شیعر و هزری خەیام بە بۆنەی ڕۆژی نیشتمانیی خەیام

هەڵبەستوانان بە بەهرە وەرگرتن لە سیحر و جادووی هونەر، وشەکان دەبووژێننەوە و گیانێکی دووبارەیان پێ دەبەخشنەوە.

خەیام نەیشابووری ، شاعیر و هزرمەندی بەناوبانگی ئێرانی بووە لە کۆتایی سەدەی پێنجەم و سەرەتاکانی سەدەی شەشمی کۆچی مانگی (کۆتایی سەدەی یازدە و دەسپێکی سەدەی دوازدەی زایینی) ژیاوە کە بە هۆنراوەگەلێکی پڕمانا و بەکاکڵ نێوبانگێکی جیهانی دەر کردووە و ناوی خۆی لە سەرانسەری دونیادا بە زیندوو ڕاگرتووە. ئەو هەروەها لە زانستی بیرکاری، ئەندازە، ئەستێرەناسی و ... زانستوەرێکی شارەزا و نووسەرێکی نێوبەدەرەوەیە. خەیام لە چاخی ژیانی خۆیدا، زیاتر بەهۆی شارەزایی لەسەر بیرکاری و ئەستێرەناسیدا بەناوبانگ بووە و پاش مردنی، شیعرەکانی بڵاو کرایەوە و بەو چەشنە لایەنی شاعیرییەکی زاڵ بوو لەسەر لایەنە زانستییەکەیدا.  ئەمڕۆکەش نێوبانگی خەیام لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای جیهان، نەک لەبەر پلەی زانستی، بەڵکوو بەهۆی پلە و پایەی ئەدەبی و وێژەوانی و هەروەتر ڕۆباعیاتەکەیە.

کتێبی ڕۆباعیاتەکەی عومەری خەیام، بچووکترین دیوانی شیعرە لە تەواوی ئەدەبیاتی جیهاندا، بەڵام چۆنە کە ئەمڕۆ هەر ئەو کتێبە چکۆلەیە، سنوورەکانی نێوبانگی بەزاندووە و بووەتە هۆی وتنەوەی شیعرەکانی لەسەرانسەری دونیادا.. ئەم کتێبە بچووکە داگری چ فەلسەفە و کیمیایێکە کەوا پەیامەکەی بووەتە گشت داگر و جیهانی؟ مەگەر لە ڕۆباعییەکانی خەیامدا چ نەهێنییەک لەئارادایە کەوا هەر ڕۆحێکی شەیدا، دەبێتە هاوڕێی و لێی دەحەسێتەوە.

"ویل دۆرانت"وتەنی، جگە لەفەلسەفە چ بابەتێک ئەو هەموو گەورەیی و شکۆیەی بەخشیوە بە شیعرەکانی خەیام؟! لە مێژووی ئەدەبی فارسیدا، شاعیرانێکی زۆر بوون کە شیعر و هەڵبەستەکانیان تێکەڵی حیکمەت بووە و مەعجوونێکی سەیروسەمەرە لە شیعر و فەلسەفەیان خولقاندووە، بەڵام لەباری نێوبانگەوە هیچکامەیان وەکوو خەیام نەبوون و ئەمەش بەهۆی کاکڵ و نێوەڕۆکی شیعرەکانیەتی! بابەتێک کە شاعیری ئینگلیزی، "فیتز جراڵد"ی کردە هۆگری خۆی و هانی دا وەرگێڕانێکی ئازاد لە شیعرەکانی ئەم شاعیرە لەساڵی 1859دا پێشکەش بکات و هەر ئەم وەرگێڕانە بووە پێشەکییەک بۆ ئاشنابوونی جیهان لەگەڵ خەیام و ئەندێشەکانی. لە میانەی ساڵانی 1859 تا کۆتایی سەدەی 19ی زایینی، بە پێی وتەی ئاربری، ڕۆباعییە وەرگێڕاوەکانی خەیام لەلایان فیتز جراڵدەوە، بیست و پێنج جار، لە چاپی دووبارە درا و هەتا ساڵی 1929، پتر لە 410 جار رۆباعییەکانی خەیام بە زمانی ئینگلیزی چاپ کرا و هەروەتر زیاتر لە 700 کتێب و نامیلکە و گۆرانی مۆسیقایی و شانۆ بە پێی شیعرەکانی خەیام خولقێنرا.

ئاشکرایە ئەم ڕێژەیە لەم دەیانەی دواییدا زۆر زیاتر لەوانەیە. بۆ سەلماندنی ڕادەی نێوبانگی خەیام لە جیهاندا هەر ئەوەندە بەسە کە بڵێین بە پێی وتەی ئاربری وەرگێڕی شیعرەکانی خەیام و هەروەها "فرێد ڕیچاردز"ی نیگارکێش و هەڵبەستوانی ئینگلیزی، ماڵێک لە ئەمریکا و بەریتانیادا نییە کە بەرگێک لە وەرگێڕانی ڕۆباعییەکانی خەیامی تێدا نەبێت. گوتوویانە سەربازە ئینگلیزییەکان لە ماوەی هەر دوو شەڕە جیهانییەکەدا ئەو کتێبەیان لەگەڵ خۆیان دەبرد و دەیانخوێندەوە. یاخود سەرەنجدان بەم خاڵە گرینگە کە چل بەند و ڕۆباعی خەیام وەکوو مەتەڵ و لە فەرهەنگی وێژە و وتە و گێڕاوەکاندا، تۆمار کراوە.

خەیام لە رۆباعییەکەی خوارەوە عاشقێک وەبیر دێنێتەوە کە پێش ئەوە زیندوو بووە و ئەوینداری کردووە بەڵام مردن لەنێوی بردووە و سواڵەت سازان گۆزەیان لە خاکی گۆڕەکەی ساز کردووە.

این کوزه چو من عاشق زاری بوده است          ئەم گۆزەیە وەکوو من عاشقێکی زار بووە

در بند سر زلف نگاری بوده است                  لەبەندی سەری زولفی یار بووە

این دسته که بر گردن او می بینی                  ئەو دەسکەیەی لەسەری دەیبینی

دستی است که بر گردن یاری بوده است          ئەو دەستەیە لە دەوری ملی یاری بووە

بانگهێشتتان دەکەین بۆ خوێندنەوەی ڕۆباعییەکانی ئەم شاعیر و فیلەسۆفە گەورەیە.

28ی بانەمەڕ، ڕۆژی ڕێزنان لە خەیام پیرۆز بێت.

 

 

سەرپەیڤ