مامۆستا محەممەدساڵح ئیبراهیمی کۆچی دوایی کرد
دوکتور محەممەد ساڵح ئیبراهیمی ناسراو بە "شەپۆل" نووسەر، وەرگێڕ، لێکۆڵەر و ڕۆژنامەنووس، ئەمڕۆ شەممە لە تەمەنی هەشتاو پێنج ساڵی دا دوای چل ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە لەبەر جەڵتەی مێشک و لەحاڵەتی کۆما دابوون، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران، کۆچی دوایی کرد .
مامۆستا محەممەد ساڵح ئیبراهیمی لە شاری مەهاباد لە ڕۆژی چواری جۆزەردانی ساڵی 1312 لەبنەماڵەیەکی ئەدەبی لە دایک بوو .
بەڕێزیان تائێستا زۆرتر لە چل کتێبی نووسیوە و خاوەنی چەندین وەرگێڕاو بەزمانی کوردییە . ناوبراو هەروەها بەرپرسی گۆڤاری مانگای گرشەی کوردستان لەساڵانی 1358 هەتا 1359 بوو کە نۆ ژمارەی لێ بڵاو کراوەتەوە.
دوکتور ئیبراهیمی بەرپرس و بەڕێوەبەری ئەنجومەنی زمان و فەرهەنگ و هونەری کوردی لە تاران بوو .بەڕێزیان قورئانیشی بە زمانی کوردی وەڕگێڕاوە و تائێستا چەندین جاریش لەچاپ دراوە.
مامۆستا شەپۆل ساڵانێکی زۆریش لە گەڵ رادیۆ کوردی دەرەوە سنووریی سەدواسیمای کۆماری ئیسلامی دا بە نووسین و خوێندنەوەی بەرنامەی جۆربەجۆر هاوکاری هەبوو .
کەناڵی سەحەری کوردی بەم بۆنەوە سەرەخۆشی دەکات لە بنەماڵەی ئەو بەڕێزە بە تایبەت شایستە خانمی کچی و کاک ئازادی کوڕی کە لە هاوکارانی ئەم کەناڵەن .