حوزه‌یران 15, 2018 02:25 Asia/Tehran
  • کۆمەڵە شیعرێکی سوھراپ سپێھری دەکرێت بە کوردی

وەرگێڕی کۆمەڵە شیعرەکەی سوھرابی سپێھری : سوهراب بۆ دنیای نوێ و بەتایبەتی بۆ ئێستای دونیای کورد پێویستییەکە .

نوسەرو وەرگێڕی کورد "توانا ئەمین"، هەشت کتێبی شیعریی لە ژێر ناونیشانی"هەشت کتێب"، کە کۆبەرهەمی شاعیری بەناوبانگی ئێرانی (سوهراب سپێهری)یە، وەردەگێڕێتە سەر زمانی کوردی. 

ئەو وەرگێڕە کوردە لەبارەی پرۆژەکەیەوە لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاندووە: ئەم وەرگێڕانە هەواڵێکی خۆشە بۆ خوێنەرانی زمانی کوردی و پرۆژەیەکی گەورەیە بۆ کتێبخانەی ئێمە.

ناوبراو جەختیشی کردووە: سوهراب سپێهری شاعیرێکی عیرفانی و سروشتگەرای ئێرانییە کە بە دامەزرێنەری ڕەوتێکی نوێ لە شیعری فارسیدا دێتە ئەژمار.

وەرگێڕ هەروەها لەبارەی گرنگی و هۆکاری وەرگێڕانی کۆبەرهەمی سوهراب سپێهری بۆ سەر زمانی کوردی وتوویەتی: بەگشتی سوهراب پێویستییەکە بۆ دنیای نوێ و بەتایبەتی بۆ ئێستای دونیای کوردی، چونکە شیعری سوهراب؛ گلەییەکی توندە لە ژیانی مرۆڤی نوێ، لە زیاد بەکاربردن، لە ئیسرافی نەک تەنها شتە مادییەکان، بەڵکو شتە مەعنەوییەکانیش؛ لە زۆر قسەکردنەوە تا داوای شادیی گەورە و مەسرەف کردنی دوودڵی و غەمگینیی زۆر کە ئێستا بووە بەباو، لە جیهانی ئەم پیاوەدا دۆڕاو و سەرکەوتوو مانای نییە، زەوی هی هەموومانە و ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی چێژ لەم هەموو جوانییەی سروشت و مرۆڤ وەربگرین کە بۆ ئێمە -تەنها بۆ ئێمە- سازکراوە.

جێگای ئاماژەیە ، توانا ئەمین نووسەر و وەرگێڕێکی تاراوگەنشینی کوردە و تا ئێستا ٢٠ کتێبی لە نووسین و وەرگێڕان پێشکەش بە کتێبخانەی کوردی کردووە.