ته‌مووز 19, 2018 14:50 Asia/Tehran
  • مێهرەجانی نێودەوڵەتی مەولوودی خوێنیی

چوارەمین مێهرەجانی مەولوودی خوێنیی "هەتاو" بە بەشداریی ١٥ گرووپ و ٢٠ مەولوودی خوێنی ناوخۆیی و دەرەوەیی لە شاری سنە چالاکییەکانی دەست پێکردووە.

بە پێی ڕاپۆرتی رادئیۆ و تەلەڤزیۆنی کوردیی سەحەر؛ نوێنەری ناوەندی ئیمام ڕەزا (دخ) لە پارێزگای کوردستان لە دەسپێکی چوارەمین مێهرەجانی نێودەوڵەتی مەولوودی خوێنی کە  لە کۆمەڵەی فەرهەنگی هونەریی فەجری سنە بەڕێوە چوو، بە ئاماژە بەوەی کە ئەو مێهرەجانە بەشێکە لە زنجیرە پرۆگرامەکانی شازدەهەمین مێهرەجانی نێودەوڵەتیی ئیمام ڕەزا لە وڵاتدا، وتی: مێهرەجانی مەولوودی خوێنیی "هەتاو" هاوکات لە گەڵ دەیەی کەرامەت لە پارێزگای کوردستان و لە دوو بەشی گرووپی و تاکەکەسی لەمڕۆوە دەست پێدەکات.

سامان ئەحمەدی ڕایگەیاند: بەختەوەرانە لەم خولەشدا شایەتی پێشوازیی بەربڵاوی مەلوودی خوێنان و گرووپگەلی مەولوودی خوێنین، بە چەشنێک کە پاش داوەریی بەرهەمە ناردراوەکان بۆ نووسینگەی مێهرەجان ١٤ گرووپی مەولوودی خوێنی و ١٦ مەولوودی خوێن بۆ بەشی ڕکابەریی مێهرەجان هەڵبژاردراون.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: گرووپێکی مەولوودی خوێن و چوار مەولوودی خوێنی دیکەش لە هەرێمی کوردستانەوە بەشداری ئەم مێهرەجانە بوون.

ئەحمەدی وتی: پەرویز گوڵپەسەندی، خەلیفە جەلال زەندسەلیمی و فەرزاد عەندەلیبی داوەریی قۆناغی هەڵبژاردنی بەرهەمەکانیان لە ئەستۆ بووە.

ناوبراو دروشمی ئەم خولە لە مێهرەجانی "ئیمام ڕەزا نمانەی ئەخلاق و وتووێژ" ڕاگەیاند و وتیشی: بەڕێوەچوونی مێهرەجانی مەولوودی خوێنیی "هەتاو" لە پێناو بەرهەم هێنانی ئاسەواری بەرزی ئایینی بۆ بووژاندنەوەی فەرهەنگ و نەریتی ڕەسەنی محەمەدی (س‌خ) بەڕێوە دەچێت.

نوێنەری بنیاتی ئیمام ڕەزا (دخ) لە پارێزگای کوردستان ئاماژەی بەوەش دا کە گرووپ و مەولوودی خوێنەکان لە ماوەی رۆژانی مێهرەجان هونەری ئایینی خۆیان لە کۆمەڵەی فەجر و لە یانەی کورد لە شاری سنە ئاراستە دەکەن.

شایانی باسە، چوارەمین میهرەجانی مەولوودی خوێنیی "هەتاو" لە ماوەی رۆژانی ٢٦ تا ٢٨ی پووشپەڕی ئەمساڵ بەڕێوە دەچێت .