ته‌مووز 20, 2018 20:02 Asia/Tehran
  • بەم هاوینە خواردنی شووتی لە بیر مەکەن

لە وەرزی گەرمادا بەگشتی خواستێکی زۆر لەسەر خواردنی شوتی هەیە، بەهۆی ئەوەی رێژەیەکی زۆر ئاوی تێدایە و لەش پێویستی پێیەتی.

سوودەکانی خواردنی شووتی و ئاوی شووتی و ناوکی شووتی  بۆ تەندروستیی کەم نین و ماڵپەڕی ئێم بی سی بەمجۆرە  باس لە سوودەکانی شوتی دەکات:

1-ناوکی شوتی سوودێکی زۆری هەیە بۆ دڵ و لە جەڵتەی مێشک دەتپارێزێت، بەهۆی ئەوەی دەوڵەمەندە بە ڤیتامین بی و پرۆتینات، هەربۆیە دەتوانیت بیخۆیت، یان زەیتی تایبەتی ناوکی شوتی بۆ جوانی پێست و قژت بەکاربهێنیت، هاوکات دەتوانیت بۆ منداڵ لەبری زەیتەکانی دیکە بەکاریبهێنیت، چونکە بڕێکی زۆر کانزا و ڤیتامین و ترشە چەوری تێدایە.

2-شەربەتی شوتی، یەکێکە لە باشترین جۆری شەربەتەکان کە دەوڵەمەندە بە ترشی ئەمینی، یارمەتی کەمبوونەوەی ئازاری ئێسک و ماسولکەکان دەدات لەدوای راهێنان، بەپێی توێژینەوە زانستییەکانیش ترشی ئەمینی "سیترۆلین" زۆر پێویستە بۆ لەشی ئەو کەسانەی وەرزش دەکەن، چونکە یاریدەی رێکخستنەوەی لێدانی دڵ دەدات.

3-شوتی رەنگ سور دەوڵەمەندە بە "لیکۆبین"، ئەمەش یاریدەی پاراستنی لەش دەدات دژی نەخۆشیەکانی شەکرە و دڵ و خوێن بەرەکان، هاوکات بەهێزکردنی بەرگری لەش.

4-شوتی پێکهاتەیەکی دژە ئۆکسانە و دەوڵەمەندە بە ترشی "ئیسکۆربیک و پیتا کارۆبین"، کە رێگا لە کارلێکی خراپ دەگرێت لەناو جەستەدا.

5-یارمەتی گواستنەوەی خوێن دەدات بۆ دڵ بە ئاسانی، چونکە سەرچاوەی ماددەی "سیترۆلین و ئارگینین و ئۆکسیدی نایترۆجینە"، ئەمەش دەبێتەهۆی خاوبوونەوەی دەمارەخانەکان، هاوکات کاریگەری لەسەر هاوسەران هەیە و ئارەزووی سێکسی بەرز دەکاتەوە.

6-شوتی بڕێکی زۆر ڤیتامین ئەی و بی و سی و دی، پۆتاسیۆم و فۆسۆڕ و زەنک و ئاسنی تێدایە، ئەمە جگەلەوەی لە 92%ی پێکهاتووە لە ئاو، رێژەی کالۆریش تێیدا کەمە.

7-سوودی بۆ خانمانی دووگیان هەیە، دەبێتەهۆی کەمکردنەوەی دڵ تێکەڵهاتن بەتایبەت لە بەیانیاندا، هاوکات ترشان و کرژبوونی گەدە ناهێڵێت، هەربۆیە دەتوانیت لە بەیانیدا بیخۆیتەوە.