ئاب 18, 2018 23:57 Asia/Tehran
  • ساڵوەگەڕی شەهادەتی ئیمام محەممەد باقر(علیەالسلام)

حەوتەمیی مانگی ذی الحجە ڕێکەوتە لەگەڵ ساڵوەگەڕی شەهادەتی پێنجەمین ئەستێرەی درەوشاوی ئاسمانی ئیمامەت و ولایەت حەزرەتی ئیمام محەممەد باقر علیەالسلام،بە بۆنەی شەهادەتی ئەم ئیمامە مەزنە عەرزی سەرەخۆشیمان هەیە بە خزمەت ئیرادەتمەندانی بنە ماڵەی عیسمەت و تەهارەت (ع).

ئیمام محەممەد باقر(علیەالسلام) : لەگەل خەڵک باشتر لەمەی پێتان خۆشە لەگەڵ ئێوە دا قسە بکەن، قسە بکەن

ناوی پیرۆزی ئیمامی پێنجەم محەممەد بوو. نازناوی ئەو حەزرەتە باقر یان باقرۆلعۆلوومە، بەو هۆیەوە کەزاڵبوو بە سەر دەریای زانست و نەهێنییەکانیی زانستەکانی ئاشکرا کرد. نازناوەکانی دیکەی وەک شاکر و سابێر و هادی بووە کە هەرکامەیان بە هۆی تایبەتمەندیەک لە تایبەتمەندییەکانیی  ئەم ئیمامە بەڕێزە بووە.

حەزرەتی باقر(ع) لە ڕۆژی هەینی سێهەمی مانگی سەفەری ساڵی ٥٧ مانگی لە مەدینە لە دایکبووە ، لە کارەساتی هەژێنەری کەربەلا هاوڕێی باوک و لە تەنیشت باوە گەورەی  حەزرەتی سەیدۆلشۆهەدا  منداڵیک بوو کە لە چوارەمین بەهاری ژیانی دا بوو.

سەردەمیی ئیمام محەممەد باقر (ع) لە ساڵی ٩٥ مانگی کە ساڵی کۆچی دوایی باوکی بەڕێزی حەزرەتی  ئیمام زەینۆلعابێدین(ع)ـە دەست پێکرا و تا ساڵی ١١٤ بۆ  ماوەی ١٩ ساڵ و چەند مانگ درێژەی بووە. بارەگای ئیمام محەممەد باقر (ع) ناوەندی زانایان و زانستوەران و ڕاوییانی حەدیس و خەتیبان و شاعیرانی ناودار بوو. لە قۆتابخانەی ئیمام باقر (ع) فێری عیلم و زانست و فەزیلەت و ئاکار بەرزی دەبوون.

لە تایبەتمەندییەکانیی ئیمام باقر (ع) دەتوانین ئاماژە بکەین بە خۆشڕوو بوونیان  لەگەڵ مۆمنان و دۆستان ، سەدەقە دان و لەبەرچاو گرتنیی داب ونەریتەکانی ئایینی بە شێوەیەکی تۆکمەو تەواو.بەردەوام جل وبەرگی خاوینی لەبەردابوو .هەمووان ستایشی ئاکار و ڕەفتاری ئیمام باقریان دەکرد کە نموونەی هەرە باشی خوو وخدەی ئیسلامی بوو.حەزرەتی ئیمام محەممەد باقر (ع) ١٩ ساڵ و دە مانگ دوای شەهادەتی باوکی مەزنی حەزرەتی ئیمام زەینۆلعابێدین(ع) ژیاوە و لە درێژەی ئەم ماوەیە دا ئەرکیی گرنگی ئیمامەت، بڵاو کردنەوە و تەبلیغی فەرهەنگی ئیسلامی، ڕاهێنانی قووتابیان، رێبەری یاران و خەڵک، بەڕیوە بردنیی داب و نەریت و سۆننەتەکانی پێغەمبەری خوداحەزرەتی محەممەد (ص) لە دونیای ئەو سەردەمە لە سەر شان دابووە.

ئیمام محەممەد باقر لە حەوتەمیی زیحەججەی ساڵی ١١٤ مانگی لە تەمەنی ٥٧ ساڵان دا لە مەدینە دوا بە دوای پیلانی هۆشام دەرمانداو کران و کۆچی دواییان کرد . تەرمیی پاکی ئەم ئیمامە مەزنە لە گۆڕستانی بەقیع لە تەنیشت باوکی مەزنی ئەسپاردە کراوە.

 

 

 

سەرپەیڤ