ئاب 19, 2018 15:32 Asia/Tehran
  • بە بۆنەی کۆچی دوایی عیزەتوڵڵا ئینتەزامی

عیزەتوڵڵا ئینتەزامی ناسراو بە "ئاغای ئەکتەر" بەیانی ڕۆژی 26ی گەلاوێژ (17ی ئووت) کۆچی دوایی کرد. بەڕێزی کە لەم دواییانەدا تەمەنی گەیشتبووە 94 ساڵان، گەلێک دەوری سەرەنج ڕاکێش و جوانی لە سینەمای ئێراندا گێڕاوە.

تەرمی بەڕێز عیزەتوڵڵا ئینتەزامی لە ڕۆژی 28 ی گەلاوێژ لەلایان بنەماڵەکەی، هاوکاران و هونەرمەندان و ئێرانیانی لاگری هونەر، لە شاری تاران بەڕێ و ئەسپەردەی خاک کرا. باس سەبارەت بە خەمی فەوتان و نەمانی هونەرمەندانی بەناوبانگ و کەڵەپیاوان کارێکی ئەستەمە بەتایبەت ئەگەر ئەو هونەرمەندە کەسێک بێ کە لەماوەی 7 دەیەی ڕابردوودا وەکوو ئەستێرە لە ئاسمانی هونەری شانۆ و سینەمای ئێراندا درەوشابێتەوە.

عیزەتوڵڵا ئینتەزامی " ئاغای ئەکتەری" ئێران

عیزەتوڵڵا ئینتەزامی لە ساڵی 1303 ڕێککەوتی 1924ی زایینی، لە گەڕەکی سەنگەلەجی تاران هاتەسەر دونیا، ئەو لە تەمەنی 14 ساڵان بەم لاوە هونەری شانۆی بە پەەردەبێژی (چەشنێک هونەری کۆنی شانۆی ئێرانە) لە هۆڵی شانۆی لالەزاری تاران دەس پێ کرد، پاش ساڵیک چووە هۆڵی هونەر و دواتریش هۆڵی تاران.

...عیزەتوڵڵا ئینتەزامی

پاش چەند ساڵان چالاکی نواندنی لە بواری شانۆ، بە پارەیێکی کەم کۆچی کرد بۆ ئەڵمانیا و لە شاری هانۆفەری ئەو وڵاتە لە فێرگەیێکی هونەری سینەما دەستی کردە خوێندن.

عیزەتوڵڵا ئینتەزامی

ئینتەزامی پاش تێپەڕاندنی خولە فێرکارییەکانی شانۆ و سینەما، گەڕایەوە بۆ ئێران و لە دەسپێکی گەڕانەوەیدا ڕووی کردە هونەری دووبلە و نواندنی شانۆ و ئینجا کار لە تەلەڤیزیۆندا. بەڕێزی لە ساڵی 1969دا بڕیاری دا بە شیوەی ئەکادیمیایی ئەزموونی هونەری دەستەبەر بکات و بەو چەشنە توانی بە بێ بەشداری لە تاقیکاری سەرانسەری زانکۆەکان، بگاتە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی تاران و لە لقی شانۆدا دەستی کردە خوێندن. پاش تەواو بوونی وانەکانی، ئەوجارەیان بۆ ماوەی چەند ساڵان وەکوو مامۆستای زانکۆ، لە لقی شانۆ لە کۆلێژی هونەرەجوانەکان و هەروەتر زانکۆی ئەلزەهرادا، وانەی گوتەوە.

عیزەتوڵڵا ئینتەزامی له فیلمی : گا

داریووش مێهرجوویی، دەرهێنەری فیلمی "گا" توانا و لێهاتووی ئینتەزامی لە ئەکتەریدا دیتەوە و پەروەردەی کرد و ڕۆڵی سەرەکی فیلمەکەی خۆی پێ ئەسپارد، فیلمێک کە وەکوو یەکێک لە زەقترین و باشترین بەرهەمەکانی سینەمای ئێران لە پێش شۆڕشی ئیسلامیدا ناسراوە و لە باری سیناریۆ، دەرهێنان و ئەکتەریشدا، سەرەنجی زۆری پێ دراوە و ئێستا کە نزیک بە 50 ساڵ لە دەورگێڕانی بەڕێزی لەو فیلمەدا تێپەڕیوە، هێشتا هەر وەکوو بەرهەمێکی ناوازە، نەک تەنیا لە بەرهەمەکانی ئینتەزامی، بگرە لە گشت سینەمای ئێراندا دەناسرێت.

عیزەتوڵڵا ئینتەزامی لە 15 فیلم لە پێش شۆڕشی ئیسلامی و نزیک بە 40 فیلم لە پاش شۆڕشی ئیسلامی دەوری گێڕاوە و "ڕێگای دەریایی هاورێشم" لە دەرهێنانی "محەمەد بوزۆرگ نیا" دوایین بەرهەمی سینەمایی بەرێزی بوو کە بە زمانی کوردیش بۆ بینەرانی کەناڵی ئاسمانی سەحەری کوردی، دووبلە کراوەتەوە کە چەند بەشێکی ئەتوانن لە خوارەوە ببینن:

هەندێک لەو خەڵاتانە وا ئەم هونەرمەندە نەمرە وەری گرتووە بریتین لە:

 خەڵاتی باشترین ئەکتەری دەوری دووەمی پیاو لە فستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەیرووت لە ساڵی 2008 بە بۆنەی دەورگێڕانی لە فیلمی "شەو"

خەڵاتی باشترین ئەکتەری دەوری دووەمی پیاو لە فستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی فەجر بە بۆنەی دەورگێڕانی لە فیلمی "گاوخوونی"

خەڵاتی باشترین ئەکتەری دەوری دووەمی پیاو لە فستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی فەجر بە بۆنەی دەورگێڕانی لە فیلمی "شەو"

خەڵاتی باشترین ئەکتەری دەوری دووەمی پیاو لە فستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی فەجر بە بۆنەی دەورگێڕانی لە فیلمی "ماڵێک لەسەر ئاودا"

خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو لە فستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی فەجر بە بۆنەی دەورگێڕانی لە فیلمی "ڕۆژی فریشتە"

خەڵاتی باشترین ئەکتەری پیاو لە فستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی فەجر بە بۆنەی دەورگێڕانی لە فیلمی "گراند سینەما"

میداڵیای هوگۆی زیوینی باشترین دەوری یەکەمی پیاو لە فستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "شیکاگۆ" لە ساڵی 1971 بە بۆنەی دەورگێڕان لە  فیلمی "گا" و خەڵاتی باشترین دەوری دووەمی پیاو لە فستیڤاڵی سینەمایی سپاس لە ساڵی 1970 بۆ فیلمی "ئاغای گەمژە"

سەید زیائەدین دوڕڕی، دەرهێنەری سینەما و تلەڤیزیۆنی ئێران

ڕۆژی هەینی کۆمەڵگای هونەریی ئێران یەکێکی دیلە لە هونەرمەندانی خۆی لە کیس دا، لەو ڕۆژەدا "سەید زیائەدین دوڕڕی" دەرهێنەری سینەما و تلەڤیزیۆنی ئێرانیش کۆچی دوایی کرد. هەندێک لە بەرهەمەکانی بریتین لە: زنجیرە درامای جانتای ئینگلیزی و کڵاو پەهلەوی.

ڕۆحیان شاد.

 

سەرپەیڤ