ئه‌یلوول 18, 2018 21:42 Asia/Tehran
  • ئێسکەپەیکەرێکی مرۆڤی نیاندەرتاڵ لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزرایەوە

دوای زیاتر لە نیو سەدە گەڕان بەدوای دۆزینەوەی ئێسکەپەیکەری مرۆڤی نیاندەرتال، شوێنەوارناسان دەڵێن "بەم نزیکانە نهێنی مەزن لەسەر مرۆڤایەتی ئاشکرا دەکەین".

به گوێرەی راپۆرتی کەناڵی سەحەری کوردی بە گێڕانەوە لە میدیاکانی هەرێم ، ئەشکەوتی شانەدەر لە دەڤەری بارزان سەربە پارێزگای هەولێر، بە یەکێک لە شوێنەوارە مێژووییەکانی جیهان دەژمێردرێت، لە ساڵانی نێوان 1950 تا 1960 لە لایەن شوێنەوارناس (رالف سۆلکی) شوێنەوارناسی بەناوبانگی جیهان کاری دۆزینەوەی شوێنەوارەکانی لەنێو ئەشکەوتەکە دەستپێکردووە.

 رالف سۆلکی لە بیرەوەرییەکانی نووسیویەتی کە لەو کات ئێسکەپەیکەری مرۆڤێکی گەورەی دۆزیوەتەوە، بەڵام نەیتوانیووە سەری ئێسکە پەیکەرەکە دەربهێنێت، چونکە کەوتووەتە ژێر شاخێکی مەزنەوە.

 ئێستا نیو سەدە دوای هەوڵەکانی شوێنەوارناس رالف سۆلکی، تیمێکی شوێنەوارناسانی زانکۆی کامبریچ ماوەی سێ ساڵە کاری دۆزینەوە و ئاشکراکردنی شوێنەوارەکەی دەستپێکردووە و سەری ئێسکەپەیکەرکەی مرۆڤی نیالدەرتال-یان دۆزییەوە.

محەمەد حاجی، شوێنەوارناس بە ئاژانسی ئانادۆل-ی راگەیاندووە، "دۆزینەوەی ئەم شوێنەوارە گرنگییەکی زۆری بۆ ئێمە هەیە، چونکە ئەمە ئاڕاستەمان دەکات بەرەو گەیشتن بەو راستییەی کە سەرەتا دروستبوونی مرۆڤایەتی لە کوێوە دەستیپێکردووە و بنەڤەی مرۆڤ چۆن بووە لەگەڵ ئاشکرابوونی سەدان نهێنی دەربارەی ژیانی مرۆڤایەتی لە جیهان، چونکە ئەمە یەکەمجارە لەسەر ئاستی جیهان ئێسکەپەیکەرێکی مرۆڤ بەو جۆر و شێوازە لە جیهان بدۆزرێتەوە".

هەروەها دەڵێت، "دۆزینەوەی دەستکەوتی دیرۆکی لە ئەشکەوتی شانەدەر لە دەڤەری بارزان دەمانگەنێتە راستیی سەلمێنراو چونکە ئامێری پێشکەوتوو هەن بۆ ئاشکراکردنی راستییەکان".

تا ئێستا گەڕان لەنێو ئەشکەوتەکەدا بەردەوامە و شوێنەوارناسەکان دەڵێن پێدەچێت زۆر نهێنی دیکە لەنێو ئەشکەوتەکە ئاشکرا ببن.