ئه‌یلوول 20, 2018 14:23 Asia/Tehran
  • بە ئاوخواردنەوە خۆت کز کە

زۆربەی لێکۆڵینەوە جیهانییەکان پشتگیری ئەو ڕاستیە دەکەن، کە خواردنەوەی ئاو سودی زۆرە بۆ دابەزاندنی کێشی لەش ، هەرچەندە کۆمەڵگە پزیشکیەکانی جیهان تا ئێستا دڵنیا نین لەوەی تاچەند خواردنەوەی ئاو کاریگەری لەسەر جەستەو ماسولکەکان دروست دەکات.

مرۆڤ بە گشتی ئارەزویەکی سروشتی هەیە بۆ خواردنەوەی ئاو، کاتێک هەست بە پڕبوونی گەدە دەکەیت ڕاستەوخۆ ئاماژە بە مێشکت دەدات، کە لە خواردن بوەستێت ، ئاو دەتوانێت یارمەتی پڕ بوونی بەشی سەرەوەی  بۆشایی گەدە بدات ‌و  توانای کەم کردنەوەی هەستی برسێتی هەیە.

لەڕاستیدا مرۆڤ کاتێک هەست بە برسیەتی تەواو دەکات، کە تینوی بێت ، بە پێی لێکۆڵینەوەیەک لەساڵی 2016 بۆ ۵۰ ئافرەتی قەڵەو ئەنجامدراوە، کە هەریەکێک لەوان ۵۰۰ میلیلیتی ئاویان خواردووەتەوە بە نیو کاتژمێر پێش نانخواردنی هەموو ژەمەکان.

ئەو ئافرەتانە بۆ ماوەی ۸ هەفتە بەردەوام بوون ، لە کۆتاییدا هەستیان بەو کاریگەرییە کرد کە لە ڕێگەی ئاوخواردنەوە توانیان بڕێک لە کێشی زیادەی لەشیان ون بکەن.

هەروەها ئاو خواردنەوە یارمەتی زیاتر سوتاندنی کالۆری لەش دەدات  ، بە پێی لێکۆڵینەوەیەک دەرکەوتووە ئەو کەسانەی ئاو زۆرتر دەخۆنەوە بە ڕێژەی %۲-۳ زیاتر کالۆری لە جەستەیاندا دەسوتێنن بە بەراورد لە کەسانی ئاسایی کە ئاو کەمتر دەخۆنەوە.

خواردنەوەی ئاوی سارد زیاتر یارمەتی سوتاندنی کالۆری لەش دەدات‌و پلەی گەرمی لەش ڕادەگرێت، خواردنەوەی ئاو یارمەتی ماسولکەکان دەدات، کە بە شێوەیەکی ڕاست بجوڵێن، هەروەها یارمەتی سییەکان و دڵ و ئەندامەکانی تری لەش دەدات بە گونجاوی و کاریگەری کاربکەن و چالاکییان زیاد دەکات بەتایبەت لەکاتی ئەنجامدانی ڕاهێنانەکان.

گرنگی خواردنەوەی ئاو زۆرە، بەڵام پێویستە بە بڕی گونجاو بخورێتەوە، چونکە زۆر خواردنەوەی یاخود کەم خواردنەوەی زیان بە جەستە دەگەیەنێت، هەروەها خواردنەوەی ئاو یارمەتی دەرکردنی پاشەڕۆکانی جەستە دەدات و گرنگی زۆری هەیە لە سوتاندنی چەوری ناو لەش.