تشرینی یه‌که‌م 16, 2018 19:38 Asia/Tehran
  • گەیشتنی ساڵەهاتی شەهید بوونی ئیمام حەسەن مجتەبا (د.خ)

هەر لە کۆنەوە لە فێرگەی باڵای زانستە ئایینییەکانی نەجەف، 7 ی سەفەر بە ڕۆژی شەهید بوونی ئیمام حەسەن مجتەبا (ع) دەزانن و شێعەکانی عێراق و وڵاتانی دیکەش، لەم ڕۆژەدا بۆ ئەو ئیمامە بەڕێز شین گێڕی دەکەن.

ساڵی 40ی کۆچی، لە حاڵێکدا کە ماڵباتی وەحی و ئوممەتی ئیسلامی تازیەباری شەهید بوونی ئەمیری بڕواداران، عەلی (ع) بوون، کووفە، ناوەندی خیلافەتی عەلەوی، جارێکی دیکە تاقیکردنەوەیێکی گەورەی بە خۆیەوە بینی. بەرەبەیانی ڕۆژی بیست و یەکەمی مانگی ڕەمەزان، ئیبنی عەباس هاتە نێو جەماوەر و گوتی: "خەڵکینە! ئەمیری بڕواداران بەهۆی زامەکانی شەهید بووە و کوڕەکەی بۆ بە یادگار هیشتوون. گەر پێتان خۆشە، با کوڕەکەی بێتە ناوتان!" خەڵک دەستیان کردە شین و گریان و خوازیاری هاتنی ئیمام حەسەن بوون. ئیمام حەسەن (ع) پاش شەهید بوونی باوکی بەڕێزی، ئەرکی ڕێبەرایەتی و ئیمامەتی کۆمەڵگای ئیسلامیی وەئەستۆ گرت.

ئەو حەزرەتە خێرا دۆخی شڵەژاوی پاش شەهید بوونی ئیمام عەلی (ع)ی ئارام کردەوە و کونترۆڵی کارەکانی گرتە دەست. هێندەی نەخایاند کە خەڵك تێگەیشتن ئیمام حەسەن (ع) وەکوو باوکی بەڕێزی شێلگیرە لە پێناو بەڕێوەبردن و دابەزاندنی یەکسانی و دادپەروەری و یاسا و ڕێسا ئیسلامییەکاندا. ئەمە لای خەڵک جێێ خۆشحاڵی بوو بەڵام بەڕێوە چوونی یەکسانی و دادپەروەری بەدڵی  تاقمێک لە زێدەخوازان نەبوو.

حەسەنی کوڕی عەلی (ع) لەو سەردەمەدا بەروەڕووی کۆسپ نانەوە و نەیارەتییە بەردەوامەکانی موعاویە بووەوە کە لەو کاتەدا دەسەڵاتداری هەرێمی شام بوو.ئەم دژایەتییانە بووە هۆی سەرهەڵدان و هەڵایسانی ئاوری شەڕ، هەر بۆیە ئیمام حەسەنیش سوپایێکی بەم مەبەستە کۆ کردەوە و ڕێکی خست، بەڵام هەلومەرجی کۆمەڵگای ئیسلامی وای لێهات کە ئیمام، لەمەڕ بەشداری لە شەڕ دەستی ڕاگرت، هەر لەو کاتەدا موعاویە پێشنیاری ئاشتی هێنایەئاراوە و ئیمامیش بە پێی ئاقڵ و ئاوەزی خۆی، پێشنیارەکەی وێڕای هەندێک مەرجی تایبەت قەبووڵ کرد. بە پێی بڕگەکانی ئەو ئاشتینامەیە، پاش موعاویە، حەسەنی کوڕی عەلی (ع) دەبووە خەلیفە و ئەگەر شتێکی بۆ ڕوو بدابایە دەبوو حسێنی برای دەسەڵاتی کاروباری موسڵمانان بگرێتە ئەستۆ و موعاویە بۆی نەبوو کەسێک بۆ جێ نشینی و جێگرەوەی خۆی هەڵبژێرێت.

لەلایێکی دیکەوە، بە تێپەڕینی زەمەن، هەندێک لە نیازە چەپەڵەکانی ئۆمەوییەکان دەرکەوت. یەکێک لەو ئامانجانە وا موعاویە بەدوایەوە بوو، دیاریکردنی جێ نشین بوو بۆ خۆی. ئەو لە بەڕێوەبردنی ئەو بڕیارە کە بە پێچەوانەی بڕگەکانی ئاشتینامەکەی لەگەڵ ئیمام حەسەن (ع) بوو دەترسا و دەشیزانی بێتوو لە کاتی ژیانی ئەو حەزرەتە ئاوەها کارێک بکات، بێگومان بەرەوڕووی نەیارەتی تووندوتیژی ئیمام حەسەن(ع) دەبێتەوە.

هەر بەم پێیە بڕیاریدا بە هەر لەونێک بووە، ئیمام شەهید بکات. پاش لێکدانەوەی زۆر، "جەعدە"ی هاوسەری ئیمام حەسەن (ع)ی بە باشترین کەس دیت بۆ دەستەبەر کردنی ئامانجەکەی، بۆیە بە نەهێنی و بە ناردنی سەدهەزار درهەم بۆ جەعدە، بەڵێنی پێدا بێتوو ئیمام حەسەن (ع) شەهید بکات، دەیکاتە هاوسەری یەزیدی کوڕی، بەم چەشنە بە ژار کردنە نێو ئاوی خواردنەوەی ئیمام حەسەن، ئەو حەزرەتەی دەرمانخوارد کرد.

حەوتەمی مانگی سەفەر بەیادی ئیمام حەسەن مجتەبا (ع) و ئەو هەموو خەم و ئازارەی وا ئەو حەزرەتە چێشتی، تەواوی ئەوینداران و هۆگرانی مەعنەویەت و ئالوبەیت (س.خ) فرمێسک هەڵدەڕێژن و تازیەبارن.

سەرەخۆشیتان لێدەکەین بە بۆنەی گەیشتنی ساڵەهاتی شەهید بوونی ئەو ئیمامە بەرێزە.

 

سەرپەیڤ