کانونی یه‌که‌م 04, 2018 19:39 Asia/Tehran
  • مونەببەت، زیلۆ و تووبافی (چەشنێک خاولی) بەناوی ئێرانەوە تۆماری جیهانی کران

بە پێی دەنگی "ئەنجومەنی جیهانی دەسکارەکان" شاری ئابادەی پارێزگای فارس وەکوو شاری جیهانی مونەببەت، شاری مەیبودی یەزد وەکوو شاری جیهانی زیلۆ و گوندی خەراشادی پارێزگای خوراسانی باشووریش وەکوو ئاوایی پێشەنگ و نموونە لە بواری تووبافی (چنینی خاولی) ناویان لە ئاستی جیهاندا تۆمار کرا.

مونەببەت هونەری هەتاهەتایی خەڵکی ئابادەیە:

شارستانی ئابادە لە مەودای 274 کیلۆمەتریی باکووری شیرازدا هەڵکەوتووە.

مونەببەت یەکێک لە هونەرە دەستی و دەستکردەکانی ئێرانە کە لە 1500 ساڵ لەمەو پێشەوە لە هەندێک لە ناوچەکانی ئێران، برەوی هەبووە و بە پێی بەڵگە مێژووییەکانی بەردەست، ئاخێزگەی هونەری مونەببەت، پارێزگای فارس و شاری ئابادە بووە.

مونەببەت کاری بە دار و چێو یەکێکە لە جوانترین دەسکارە ئێرانییەکان کە لە نەخش و نیگاری سرووشتییەوە بگرە تا نەخش و گەڵاڵەی عیرفانی و ئیسلامی پێ دەنەخشێنن. تێکەڵێک لە هونەر و تاقەتی هونەرمەندانێک کە بە ماددەی سەرەتایی هەرزانبایی و سادە، گەلێک بەرهەمی بەنرخ دەخولقێنن.

مەیبود شاری جیهانی زیلۆیە:

زیلۆچنین (چەشنێک ڕاخەر) لە مەیبود دا پێشینەیێکی دوور و درێژی هەیە، هەندێ کەس دەلێن پێشینەکەی دەگەرێتەوە بۆ سەدەی هەشتەمی کۆچی مانگی و سەردەمی موزەفەرییەکان.

کۆنترین و لە هەمان حاڵدا بەنرخترین زیلۆەکانی مەیبود، دەگەڕێنەوە بۆ سەدەی 12ی کۆچی مانگی.

زیلۆ، ڕاخەرێکی چنراوی جوان و دەسکاری تایبەتی ناوچە بیابانییەکانە. لە نەخش و نیگاری سەر تان و پۆی ئەم ڕاخەرەدا بەشێک لە بیروبۆچوون و بڕوا ئاینییەکان، مێژوو، نژیارڤانی، سرووشت و شێوەزاری خەڵکی ئەو ناوچەش دەبینرێت.

زیلۆ چەشنێک ڕاخەری دەسچنە کە بە دەزوو دەیچنن و لە هەندێک لە ناوچەکانی ئێران وەکوو فەرش ڕایدەخەن.

خەراشاد گوندی جیهانی تووبافی یان قوماش چنین (قوماشی خاولی):

خەراشاد لە 25 کیلۆمەتری باشووری ڕۆژهەڵاتی بیرجەند دا هەڵکەوتووە و لە و ناوچانەی خوراسانی باشوورییە وا کەشوهەوایێکی دڵبزوێن و خۆشی هەیە. قوماش چنین لەم ئاواییەدا پێشینەیێکی مێژوویی هەیە و سەدەگەلێکی زۆرە کە ئەو پیشەسازییە برەوی هەیە. پیشینەی هەندێک لە کارگەکانی قوماش چنین لە خەراشاددا دەگەرێتەوە بۆ زیاتر لە سەدەیێک لەمەو بەر.

تۆماری شارە جیهانییەکان لە ساڵی 2014 لە دونیا و لە ڕێگەی ئەنجومەنی جیهانی دەسکارەکانەوە دەستی پێ بووە و هەموو ساڵێک لە ڕێگای ناوچە تایبەتەکانی دەسکارەکانەوە و بە هۆی لێکدانەوە لەلایان ناوبژیوانانی نێودەوڵەتی لە دونیادا جێبەجێ دەکرێت.

ئێران لە کیشوەری ئاسیا و ناوچەی ئاسیا – ئوقیانووسیەدا هەڵکەوتووە و لە ساڵی 2015ەوە بە تۆمار کرانی تەبرێز وەکوو شاری جیهانی فەرشی دەسچن و شاری ئیسفەهان وەکوو شاری جیهانی دەسکارەکان، پەیوەستی ئەم ڕووداوە گەورەیە بوو.

هەر ئێستاکە 28 شاری دونیا وەکوو شاری جیهانی دەسکار، ناوەکەیان تۆمار کراون و ئێرانیش بە 8 شار و دوو گوندی جیهانی ، لەباری تۆمار کرانی شار و گوندەکانەوە لە پلەی یەکەمدا هەڵکەوتووە.

 

 

سەرپەیڤ