May 18, 2019 17:37 Asia/Tehran
  •  چاوخشاندنێک بە سەر هۆنراوەوئەندێشەی خەییام

خەییام نەیشابووری لە وێنەی زانستوەران و شاعێرانی بەناوبانگی ئێرانی لە کۆتایی سەدەی پێنجەم و سەرەتاکانی سەدەی شەشەمی مانگی دا ژیاوەو بە هۆنراوەگەلێکی کەم، بەڵام لێوانلێو لە چەمک و مانای ڕەسەن و سێحراوی ناوبانگی دەرکردووە و ناوی خۆی لە هەموو زمانەکانی دنیا دا خستۆتە سەر زار و نێو دڵی ئەویندارانی شیعر و هۆنراوە.

تیرێژ کە بەڕۆژ وپێل بە دەریا دریا

لەو ڕۆژەوە گوڵ پێکەنی،بولبول گریا

خوانووسی لە چارەی ڕەشی ئێمەش بەشمان

ژینێکی هەژاری پڕلەخۆزیا وبریا

"وەرگێرانی مامۆستا هەژار"

 

کتێبی چوارێنەکانی خەییام، چووکترین دیوانی شێعرە لە ئەدەبیاتی جیهان دا بەڵام ئەمە چۆنە کە ئەمڕۆ هەرئەم کتێبە چووکە، سنوورەکانی ناوبانگ و هۆنراوەی ڕەسەنی بەزاندووە و بەیتەکانی لە دوورترین ناوچەکانی جیهان، لە سەر زاری هەمووان دایە.ئەم کتێبە چووکە هەڵگری چ فەلسەفە و کیمایەیەکە کە پەیامەکەی عالمی گرتووە؟مەگەر لە چوارێنەکانی خەییام دا چ ڕازێک هەیە کە لەگەڵ هەر ڕووحێکی سەرلێشێواو و ئاوارە هاوڕێ دەبێت؟

گریاگوڵێ بۆگوڵاو سەرئاگرنریا

ئەمبۆن وبەرامەیەم نەبووبا بریا

نرخی هۆنەرو جوانییە دەیبا گەردوون

کێ پێکەنی جارێکی،هەزارجارگریا

"وەرگێرانی مامۆستا هەژار"

خەییام یەکێ لە بابەتە سەرسوورهێنەرەکانی ئەدەبیاتی فارسییە و لە درێژەی چەندەها سەدە لەبارەی دا قسەیان کردووە و ناکۆکی زۆر لە ئارا دایە کە ئایا خەییام پیاوێکی عارف و دیندار بووە ویان کەسایەتییەکی جیاواز؟ ئەم ناکۆکی بیر وڕا و بۆچوون لەبارەی ئەم شاعیرە زیاتر لەمەی ڕاست بێت سەرچاوەی لە هەڵەیەک گرتووە. لە ڕاستی دا هەرکەسێک لەسەر بیرو بۆچوونی خۆی یاری خەییام بووە و کەسایەتی خەییامی لێکداوەتەوە.

مردن چییە؟کەس تێنەگەیی تا وێستا

تەورات و زەبوور،تادەگەیە ئاوێستا

زۆرکەس لە ژیان دواوە زانایانە

بۆ باسی مەرگ،گێل ونەزان ڕاوێستا

"وەرگێرانی مامۆستا هەژار"

 

دەبێ سەرنج بەم بابەتە بدەین کە شیعری شاعێر،ڕەنگدانەوەی ژیانی خۆدی شاعێر نییە، بەواتایەکی دیکە شیعری شاعێر چ پێوەندییەکی نییە لەگەڵ ژیان و کردەوەی ئەو. شێعری شاعیر بەرهەمی هێزی تایبەتی ئەدەبی و کات وساتی تەنیایی شاعێرە.

 

خوو بەس بدە خەو،کە هۆش وبیرت پتەوە

ڕابوێرە ژیان بەمەی، ئەگەر ڕۆژ وشەوە

مردن کە برای گەورەیە، بۆ خەو هەردێت

ئەو کاتە لەناونوێنی گڵا،تێربخەوە

خەییام شاعێرێکی خوداناس و خوداویست بووە هەربۆیە بیری کردووە لە ژیان و ئافرانی جیهان و ئینسانەکان و بابەت ومەسەلەی لەم چەشنە. لە چوارێنەدا مەجالی قسەکردن کەمە ولە ڕادەی چوارێنەیەکی چووک دایە. شاعیر لە سێی بەشی هۆنراوەکەی بوارێکی لەبار سازدەکات بۆ هێنانە ئارای ئەندێشەی سەرەکی  لە بەشی چوارەم دا.ئەمەیش پێویستی بە بەیانێکی سێحراوی هەیە.ئەم بەیانە سێحراوییە لە چوارێنەکانی خەییام بەکەڵک وەرگرتنی ئیجگارباش لە ووشەکان و دەستەڵاتی سەپاندن و دارشتێکی جوان ، خۆی دەردەخات.

خەییام بە تێبینی قووڵ سەیری هەمووشتێکی دەکرد تەنانەت لە وێرانەکانیی بەجێماوەی بینا و باڵاخانەکان وسارا ودەشت و .. ، دەستی مەرگی ئەدیت.خەییام بە شێوەیەکی ئاگادارانە، خاک و خۆڵ و خشت و کۆزەی وەک شتێکی بەبایخ و جوان نیشان ئەدا و بەم شێوە چەمک و مانای بەرچاوی خۆی ڕادەگواست بۆ ئەوانەی وا شێعرەکانی دەخۆیننەوە.

 

سەرپەیڤ