ته‌مووز 16, 2019 19:13 Asia/Tehran
  • کەسانی سەرکەوتووی فستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی سەقز ناسێندران

فستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی سەقز پاش بەڕێوەبردنی دوو رۆژ بەرنامە بەبۆنەی حەوتەی فەرهەنگیی سەقز و ڕێزگرتن لە پلەو پێگەی پاکپارێز، کەسانی سەرکەوتووی خۆی ناساند.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، فستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی سەقز لە حەوت بەشی باشترین دەرهێنەریی، باشترین ئەکتەری پیاو، باشترین ئەکتەری ژن، گەڵاڵەو بیرۆکە، برۆشور، دیزانی شوێن و مۆسیقادا کەسانی سەرکەوتووی ناساند.

"محەممەد زارع زادە" سکرتێری فستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی سەقز سەرلەئێوارەی رۆژی دووشەممە لە دەسپێکی ئەو ڕێوڕەسمە وتی: بەبۆنەی ڕێزگرتن لە پلەوپێگەی پاکپارێز و حەوتەی فەرهەنگیی شاری سەقز، بەرنامەکان لەچوارچێوەی سێ بەشی شانۆگەریی سەرشەقام، هەڵپەڕکێ و نیگارکێشیی منداڵان جێ بەجێ کرا کە فستیڤاڵی هەڵپەڕکێ و نیگارکێشیی منداڵان لە ٣١ی پووشپەڕ و یەکی گەلاوێژ بەڕێوە دەچێ.

لە کۆتایی کۆڕەجێژنی شانۆی سەرشەقامی سەقز بەئامادەبوونی قایمقام، شارەوان و ژمارێک لە بەرپرسانی شاری ڕێزگیردرا لە پاکپارێزانی خزمەتگوزاری شارەوانیی سەقز.

خاڵی جێی سەرنجی فستیڤاڵی شانۆگەریی سەرشەقامی سەقز ئامادەبوونی گەرم وگوڕ و پێشوازیی کەم وێنەی هۆگرانی شانۆ بوو و دانیشتنیان هەتا نیوەشەو بۆ دیتنی شانۆی گرووپە جیاجیاکان پێشاندەری خۆشەویستیی شانۆ و پێشینەی جێ بەجێ کرانی شانۆگەریی لەنێو خەڵکی سەقز دایە.