ئاب 11, 2019 10:38 Asia/Tehran
  • ڕۆژی عەرەفە؛ ڕۆژی ڕاز و نیاز و لێبووردنی گوناهان

ئەمڕۆ نۆهەمی زیحەجە؛ ڕۆژی عەرەفە، ڕۆژی دوعا و پاڕانەوە، ڕۆژێک کە ناسراوە بە وەبەر لێبووردەیی کەوتنی گوناهان و قەبووڵ کرانی تەوبە؛ ڕۆژێک کە خودای گەورە عەبدەکانی بە شێوازێکی تایبەت بەرەو لای خۆی بانگ دەکات.

عەرەفە لە جێژنە گەورە ئیسلامییەکانە و کەسێک کە بتوانێ ئەم ڕۆژە لە سەحرای عەرەفات بێ،  تەوفیقێکی یەکجار مەزنی بە نسیب بووە.
دەشتی عەرەفات لە دوورایی بیست کیلۆمەتریی شاری مەککە هەڵکەوتووە. لە ڕۆژی عەرەفە دا ئاپۆرەیەکی زۆری جەماوەری سپی پۆش، ڕوو دەکەنە سەحرای عەرەفات.

میوانانی خوا لە نیوەڕۆوە تا ئێوارەی ڕۆژی نۆی زیحەججە لەم شوێنە دا بەدڵێکی تژی لە خشووع و خاکەڕایی لەبەر خودا دەپاڕێنەوە.  دەشتی عەرەفات لە داوێنی کێوی جەبەلوڕەحمە هەڵکەوتووە واتە کێوی ڕەحمەت . کێوێک کە تۆبەی حەزرەتی ئادەم لە داوێنی ئەو کێوە قەبووڵ کرا.

ڕۆژی عەرەفە داب و نەریت و دوعای زۆری هەیە و باشترین کردەوە لەم ڕۆژەدا دوعا و پاڕانەوەیە؛ بە ملوێنان زیارەتکاری ماڵی خودا لە ڕۆژی عەرەفە سپی لەبەر دەکەن و لە کاتێکدا کە بەردەوام لەبەیک لە سەر زاریانە بەرەو سارای عەرەفات وەڕێ دەکەون.

حاجییەکان هەتا ئێوارە مەغریب لە عەرەفاتدا دەمێننەوە و پاش مەغریب بەرەو مەشعەرولحەرام وەڕێ دەکەون.

ڕێ و ڕەسمەکانی حەج بە مانەوە لە مەشعەرولحەرام لە گزینگی بەیانییەوە هەتا هەڵاتنی ڕۆژی دەیەمی زیحەجە (جێژنی قوربان) درێژەی دەبێ، زیارەتکاران پاشان خۆیان دەگەیەننە مەڵبەندی مینا و پاش ڕەمی جەمەرات، قوربانی دەکەن و پاش ئەوەیش دابی "حەلق" (تاشینی قژ) یان تەقسیر( کورت کردنەوەی قژ و یان گرتنی نینۆک) بەجێ دێنن.

یەکێکی دیکە لە فەرزەکانی حەجی تەمەتوع، کۆبوونەوە لە مەڵبەندی مینا لە شەوی یازدە و دوازدەی زیحەجە لە ئاوابوونی ڕۆژەوە هەتا نیوەشەو و ڕەمیی جەمەراتی سیانە لە ڕۆژانی یازدە و دوازدەی زیحەجەیە.

لە نەریتەکانی دیکە  کە زیارەتکاران لە مەڵبەندی وەحی بەجێی دێنن هەتا حەجەکەیان تۆکمە بکرێ، گەڕانەوە بۆ مەککە و بەجێ هێنانی تەواف، خوێندنی نوێژی تەواف، هاتووچۆ لە نێوان سەفا و مەروە، تەوافی نسا(ژنان) و نوێژی تەوافی نسایە.

 

سەرپەیڤ