تشرینی یه‌که‌م 28, 2019 18:39 Asia/Tehran
  • کەیهان کەڵهوڕ دەبێتە کەڵەپیاوی مۆسیقای جیهان لە ساڵی 2019

کەیهان کەڵهوڕ، موزیکزان، مۆسیقادانەر و ژەنیاری بەناوبانگی ئێرانی، ڕۆژی یەکشەممە 278ی ئۆکتۆبەر، خەڵاتی هونەرمەندی ساڵی 2019ی لە فستیڤاڵی جیهانی مۆسیقای گەلان "ڤوومێکس"ی وڵاتی فینلەندای وەرگرت. ئەو یەکەم ژەنیاری ئێرانیە کە ئەم خەڵاتەی پێ بەخشراوە.

 

لە میانەی شەڕی داسەپاوی ڕژێمی بەعسی سەددام لە دژی ئێران و پەلاماری هێزە بەعسیەکان بۆ سەر ناوچە مەدەنیەکانی ئێران، هەموو ئەندامانی بنەماڵەی کەڵهوڕ بەهۆی وێککەوتنی مووشک لە خانووەکەیان لە کرماشان تیاچوون.

کەڵهوڕ تاقە موزیکزانی ئێرانیە کە چوار جار بووەتە بەربژاری وەرگرتنی خەڵاتی گرێمیی ئەمریکا و جارێکیشیان لەگەڵ گرووپی "جاددەی هاورێشم" ئەو خەڵاتەی بردووەتەوە.

یەکێک لە سەرەنج ڕاکێشترین بەرهەمەکانی کەیهانی کەڵهوڕ، ئەلبۆمی "شاری خامۆش" واتە شاری بێدەنگە کە ئەلبۆمێکی مۆسیقای بێ ئاواز و وتنە لە شێوازی مۆسیقای کلاسیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لە ساڵی 1387 ی هەتاوی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بڵاو کرایەوە.

پارچە مۆسیقای "شاری خامۆش" وەکوو بەرهەمی سەرەکی ئەو ئەلبۆمە دەناسرێت کە ئەو پارچەیە لە یادی قوربانیانی کارەساتە دڵتەزێنەکەی کیمیابارانی هەڵەبجەدا ساز کرابوو.

خەڵاتی ڤوومێکس کە وەکوو خەڵاتی جیهانی مۆسیقای ئێکسپۆ دەناسرێت، ناوەندەکەی لە ساڵی 1999دا چێ کراوە و هەموو ساڵێک لە مانگی ئۆکتۆبەر و هاوکات لەگەڵ ڕووداوی ڤوومێکس (پیشانگای مۆسیقای جیهان)، خەڵاتێک دەبەخشێتە کەسێک کە شیاوی ئەو پلەوپایە بێت.

شارەزایی لە ژەندنی ئامێری کەمان، داهێنانی مۆسیقای شوێن دانەر و کاریگەر و ناساندنەوەی مۆسیقای کلاسیک و نەریتیی ئێرانی بە هۆگرەکانی مۆسیقا لە جیهان، لە هۆکارەکانی شاندی نێوبژیڤانەکانی ئەو فستیڤاڵە جیهانیە بووە لە ئاراستەی بەخشینی ئەو خەڵاتە بە کەیهان کەڵهوڕ!

کاردانەوەی جیهانیی سەرکەوتنی کەیهان کەڵهوڕ زۆر بەربڵاو بووە و هونەرمەندانی جیهان و میدیاکانی دونیا، سەرکەوتنی ئەو هونەرمەندە ئێرانیەیان پیرۆز کردووە.

 

سەرپەیڤ