تشرینی دووه‌م 15, 2019 18:53 Asia/Tehran
  • تیمی کەبەدیکارانی گەنجانی ئێران بوو بەپاڵەوانی جیهان

وەرزشکارانی کەبەدیی ئێران، پلەی پاڵەوانیی کێبەرکێی کەبەدیی گەنجانی جیهانیان بەدەست هێنا.

بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، یاریزانانی گەنجی کەبەدیی ئێران لەدوارۆژی پێشبڕکێکانی کەبەدیی گەنجانی جیهان، ئەمڕۆ هەینی لەگەڵ تیمی کێنیا کەوتنەململانێ.

نیوەی یەکەمی ئەو رکابەرییە، بەئەنجامی ٢٣ بە هەشت بەقازانجی گەنجانی ئێران کۆتایی پێهات. گەنجانی کەبەدیی ئێران لەنیوەی دووهەمیش بە کۆنترۆڵ کردنی یارییەکەو کەڵک وەرگرتن لەو مەودا زۆرەی لەنیوەی یەکەمدا بۆیان ڕەخسابوو، سەرەنجام بە ئەنجامی٤٢ بە٢٢ سەرکەوتنیان بەدەست هێنا و بوونە پاڵەوانی جیهان.

بەرلەوە، وەرزشکارانی ئەو لقە وەرزشییەی ئێران لە تیمەکانی مالزی، تورکەمەنستان، تایلەند و تایوانیان بردبۆوە.

پێشبڕکێکانی کەبەدیی گەنجانی جیهان لە١١ی نۆڤمبەرەوە بەئامادەبوونی ١٣ تیم و بەمیوانداریی ئێران لە کیش دەس پێ بوو و ئەمڕۆ کۆتایی پێهات.

پاش ئێران و کێنیا، تیمەکانی پاکستان و بەنگلادشیش بەشێوەی هاوبەش کەوتنە ڕیزی سێهەم.